Accessibility links

دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی سێشەممەی تایبەت لەوە دەچێت بایدن و ترامپ جارێکی دیکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە


جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە نزیکتربوونەوە لە دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020، لە کاتێکدا هەریەکەیان نزیکەی سەرجەم کێبڕکێکانی هەڵبژاردنە بەراییەکانی پارتەکانیان بردەوە کە لە کۆمەڵێک ویلایەتی سەرانسەری وڵاتدا بەڕێوەچوون.

بایدن لەو 15 ویلایەتەی کە هەڵبژاردنی بەرایی یان کۆنگرەی پارتی دیموکراتیان تێدا ئەنجامدرا، سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەنێویاندا ڤێرجینیا، تەکساس، میناسۆتا و کۆلۆرادۆ. تەنها کۆنگرەی پارتەکەی لە ناوچەی سامۆوای ئەمەریکا لەدەستدا.

ترامپ لە 14 ویلایەت سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە دوا بەرهەڵستی سەرەکی ترامپ بوو لە کێبڕکێی کۆمارییەکاندا، ڕۆژی سێشەممە لە ویلایەتی ڤێرمۆنت سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

ئەم سەرکەوتنەی هێلی دووهەم سەرکەوتنی بوو لەم خولەی خۆکاندیدکردنیدا.

لە کاتێکدا هێلی بەردەوام گوتویەتی لەوبڕوایەدایە خولێکی تری سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپ زیان بە ئەمەریکا دەگەیەنیت و بەڵێنیدابوو تا سێشەممەی تایبەت کە پێنجی مانگی 3 بوو بەردەوام بێت لە کێبڕکێکانی پاش ئەوەی لە مانگی ڕابردوو لە چەندین هەڵبژاردنی بەراییدا دۆڕا، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی چوارشەممە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی بە فەرمی ڕابگرێت.

بۆ بایدن، کە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی کەمتری لە کێبڕکێی دیموکراتەکاندا هەیە، چاوی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی یازدەەیە و هۆشداریدا لەوەی کە خولێکی تری سەرۆکایەتی بۆ ترامپ بە مانای خولێک دەبێت کە بە "ئاژاوە، دووبەرەکی و تاریکی" پێناسە دەکرێت.

بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی "ئەمڕۆ ملیۆنان دەنگدەر لە سەرانسەری وڵات دەنگی خۆیان دا - ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئامادەن بەرەنگاریی پلانە توندڕەوەکەی دانۆڵد ترامپ بگەرێنێتەوە بەرەو دواوە."

ترامپ لە قسەکانیدا بۆ لایەنگرانی لە فلۆریدا ڕایگەیاند، وڵاتەکە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا "زیانێکی گەورەی" پێگەیشتووە، چونکە بایدن بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵ ئابوری و سیاسەتی کۆچبەریدا کردووە.

ترامپ گوتیشی بە هۆکاێک بەم ڕۆژە دەڵێن سێشەمەی تایبەت چونکە " ئەمە زۆر گرنگە."

هەر کام لە دیموکراتەکان دەنگی 1420 نوێنەر بەدەستبهێنێت، واتە 36% کۆی نوێنەرەکان، دەبێتە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە بە فەرمی لە مانگی هەشت لە شاری شیکاگۆی ویلایەتی ئیلنۆی لە کۆنگرەی گشتی پارتەکەدا بەربژێرەکە دەستنیشان دەکرێت.

کۆمارییەکانیش کام کاندیدەیان 1215 نوێنەر دەنگی پێبدەن، واتە 50% ی کۆی نوێنەرەکانیان، دەبێتە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەمەش لە مانگی حەوتدا لە کۆنگرەی کۆمارییەکان لە شاری ملواکی ویلایەتی ویسکانسن بەربژێری سەرەکی پارتەکە بۆ سەرۆکایەتی دەستنیشان دەکرێت.

هەندێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرت لە ئامانسی ئەسۆشییەیتد پرێس و ڕۆیتەرز وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG