Accessibility links

دوو لە گەورەترین دەرمانخانەکانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند حەبی لەباربردن دەفرۆشن


دوو لە گەورەترین زنجیرە دەرمانخانەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند هەفتەی داهاتوو دەست دەکەن بە فرۆشتنی جۆرێک لە حەبی لەباربردن بەو کەسانەی کە ڕەچەتەی پزیشکیان هەیە.

کۆمپانیاکانی سی ڤی ئێس CVS) (و واڵگرینز (Walgreens) ڕایانگەیاندووە هەفتەی داهاتوو دەست دەکەن بە فرۆشتنی حەبی لەباربردن میفپریستۆن(mifepristone) لەو ویلایەتانەی کە لەباربردنی منداڵ یاساییە.

جۆو بایدن ڕۆژی هەینی، 1ی مانگی سێ ئەو هەنگاوەی کە دەستڕاگەیشتن بە حەبی میفپریستۆن مسۆگەر دەکات، بە خاڵێکی وەرچەرخان ناو برد.

بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ئەمەریکا (FDA) لە مانگی یەکی ساڵی 2023 ڕێگەی بە دەرمانخانەکان دا کە حەبی میفپریستۆنیان هەبێت و ڕاگەیاندنەکانی ڕۆژی هەینی ئەو دوو دەرمانخانەیەش، لە ئەنجامی پرۆسەیەکی درێژخایەنی داواکاری ئەو دەرمانخانانەدا بووە بۆ ڕێگەپێدانیان بە فرۆشتنی ئەو حەبانە.

حەبی میفپریستۆن بۆ لەباربردنی منداڵ بەکاردەهێنریت و ڕێگەپێدراوە بۆ بەکارهێنانی تا هەفتەی 10ی دووگیانی.

میفپریستۆن زیاتر لە دوو دەیەیە لە ئەمەریکا یاساییە، بەڵام پێشتر تەنها کلینیک و نەخۆشخانەکان ڕێگەیان پێدەدرا دابینی بکەن و دەرمانخانەکان و خەڵک وەک دەرمانەکانی دیکە دەستیان پێنەدەگەیشت.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدا ڕاگەیەندراوە کە گروپەکانی دژە لەباربردنی منداڵ لە ئەمەریکا کە زۆر بەهێزن، دژی دەستڕاگەیشتنێکی بەرفراوانی ئەم حەبە بوون.

دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دوای نیو سەدە لە مانگی شەشی ساڵی 2022 بڕیاری مێژوویی " رۆی دژی وەید "ی هەڵوەشاندەوە کە دان بە مافی ژنان لە دەستووردا دەنێت بۆ لەباربردنی منداڵ یان کۆتاییهێنان بە دووگیانی خۆبەخشانە، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی کاردانەوە جیهانییەکان.

بە هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر مافی کۆتاییهێنان بە دووگیانی دوای هەفتەی 15 بۆ ویلایەتەکان جێهێڵدرا و هەر ویلایەتێک بە شێوەی سەربەخۆ دەتوانێت لەسەر ئەو پرسە بڕیار بدات.

لەو کاتەوە بیست و یەک ویلایەت لەباربردنیان قەدەغە کردووە یان هەنگاویان ناوە بۆ سنووردارکردنی لەباربردن و هەر بۆیە حەبی لەباربردن لەو ویلایەتانەدا بە نایاسایی دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو ژنانەی دەیانەوێ کۆتایی بە دووگیانیان بهێنن، دەتوانن لە دەرمانخانەیەکی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان حەبی لەباربردنیان دەست کەوێت.

سەرچاوە/فڕانس پرێس

XS
SM
MD
LG