Accessibility links

سەرۆکی سندوقی قوربانیانی کوردستان، زانیاری لەسەر سکاڵای دژ بە ژمارەیەک بەرپرسی هەرێمی کوردستان لە دادگای ئەمەریکا دەخاتەڕوو


پرسی ئەو دۆسیانەی لە دژی ژمارەیەک بەرپرسی هەرێمی کوردستان لە دادگای ئەمەریکا تۆمارکراون
please wait

No media source currently available

0:00 0:21:57 0:00

سندوقی قوربانیانی کوردستان (Kurdistan Victims Fund)لە 30ی مانگی یەک دۆسیەیەکی لە واشنتن لە دژی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کەسی دیکەی بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێم تۆمار کرد.

فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوە تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردووە، لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکاریکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمەریکایشەوە، ڕفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانە و ناپیشەییانە، سپێکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمەریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاغچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەمەریکایین، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لە سوێندخواردنی فەرمی و کۆسپ دروستکردن لە بەردەم کارەکانی دادگا و بردنی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لە پرسی کۆچکردن. سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەراسانکردن و شکاندنی ئامێر و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

سەرۆکی سندوقی قوربانیانی کوردستان، ستیڤن مارک ستودێرت، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، زانیاری ورد لەبارەی دۆسیەکە دەخاتەڕوو.

ستودێرت کە پێشتر لە کۆشکی سپی وەک ڕاوێژکار لە سەردەمی جیراڵد فۆرد و ڕۆناڵد ڕیگان و جۆرج ئێچ دبلیو بوش کاری کردووە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی کلینتن و جۆرج بوش و ترەمپدا ڕۆڵی تایبەتی هەبووە.

ستودێرت دەڵێت، گەلی کوردی خۆشدەوێت، ڕۆحی کوردایەتی و بەهاکان و ئامانجەکانی ئەوان بەرز دەنرخێنێت، دەشڵێت کاتێکیش کورد لە ئازاردا دەبن، ئەویش لەگەڵیاندا ئازار دەچێژێت.

لە وتوێژەکەیدا لەگەڵ دەخیلی شەمۆ دەڵێت، لە سکاڵەکەیاندا داوای بڕی 9 ملیار دۆلار قەرەبووی کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەی تۆمەتباران زیانیان بەرکەوتووە، ئەگەر دۆسیەکە لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە ئەوا هەموو پارەکە بۆ قوربانیەکان خەرج دەکرێت.

لەسەر ئەم دۆسیەیە دادگای فیدراڵی لە واشنتن بە فەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لە ماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لە کەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەر نا دادگا بڕیار لە دژی تۆمەتباران دەدات.

دەنگی ئەمەریکا چەندین جار بە ئیمەیڵ و تەلەفۆن هەوڵی دا هەڵوێست و تێڕوانینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە بزانێت لە ڕێگەی ئۆفیسی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، بەڵام هەتا ئەنجامدانی ئەم وتوێژەش هیچ وەڵامێكیان نەبوو.

XS
SM
MD
LG