Accessibility links

تەرمی ئەلێکسی ناڤاڵنی ڕۆژی هەینی لە مۆسکۆ بە خاک دەسپێردرێت


خێزان و دۆستانی ئەلێکسی ناڤاڵنی کە لە زینداندا گیانی لەدەستدا، ڕایانگەیاندووە تەرمی ئەو نەیارە دیارەی ڤلادیمێر پوتن ڕۆژی هەینی لە مۆسکۆ بە خاک دەسپێردرێت.

ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و ناشتنی ناڤاڵنی کەمتر لە هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە وتەبێژەکەی لە 24 ی مانگی دوو ڕایگەیاند کە تەرمەکەی ڕادەستی دایکی کراوە.

کیرا یارمیش، وتەبێژی ناڤاڵنی رؤژی چوارشەممە، 28ی مانگی دوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە ڕۆژی هەینی کاتژمێر 2 ی پاشنیوەڕۆ لە کڵێسایەک لە ناوچەی مارینۆ لە مۆسکۆ کە ناڤاڵنی لێی ژیاوە، مەراسیمێک بۆ ناڤاڵنی بەڕێوەدەچێت.

یارمیش ئاماژەی بەوەشکردووە دواتر تەرمی ناڤاڵنی لە گۆڕستانی بۆریسۆڤسکۆیە بە خاک دەسپێردرێت کە لە باشووری ئەودیوی ڕووباری مۆسکۆیە.

هێشتا دیار نییە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕێوڕەسمەدا دەکەن.

بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی گردبوونەوەکانی پێشووی لایەنگرانی ناڤاڵنی، پێدەچێت ئامادەبوونی زۆری پۆلیسی لێبکەوێتەوە و دەسەڵاتدارانی ڕووسیا هەر شتێک لە خۆپیشاندانی سیاسی بچێت، بڵاوەپێبکەن.

هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤاڵنی، پارێزەر و سیاسەتمەدار و ڕەخنەگری دیاری پوتن، لە تەمەنی 47 ساڵیدا، لە 16ی مانگی دوو بە فەرمی لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکانی سیبیریا لە نزیک ڕاگەیەندرا.

کاربەدەستانی ڕووسیا ناڤاڵنییان بە "توندڕەوێک کە ئەمەریکا پشتیوانی لێدەکات" ناودەبەن.

هێشتا هۆکاری وردی گیانلەدەستدانەکەی لەو تەمەنە گەنجەدا نەزانراوە، بەڵام یولیا ناڤاڵنی هاوسەری ناڤاڵنی، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا بە هۆکاری مردنەکەی ناو بردووە و بە یاسادانەرانی یەکێتی ئەوروپای ڕاگەیاند و گوتی پوتن هاوسەری منی کوشتووە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG