Accessibility links

ترامپ و بایدن لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی میشیگان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن


لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی ئەمەریکا لە ویلایەتی میشیگان، جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا و دانۆڵد ترامپ ڕکابەرەکەی براوەی پارتەکەیان بوون. بەڵام ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی بایدن بەرامبەر بە غەززە لەو ویلایەتە کە موسڵمانێکی زۆری تێدایە، زیاتر لە ئاستی چاوەڕوانی بوو.

دانۆڵد ترامپ نزیکەی دوو لەسەر سێی دەنگەکانی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی کۆمارییەکان لە ویلایەتی میشیگان بەدەستهێناوە و نیکی هێلی ڕکابەرەکەی نزیکەی 30%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و جۆو بایدنیش نزیکەی ٨٠%ی دەنگەکانی تا ئەم ساتە لەو ویلایەتە بەدەستهێناوە.

نیکی هێلی دوای شکستەکەی لە ویلایەتی میشیگان ڕاگەیاند لە کێبڕکێی ناوخۆیی پارتی کۆمارییەکان ناکشێتەوە و تا ئەو هەڵبژاردنەی کە بە "سێشەممەی گەورە" ناسراوە، کە لە 5ی مانگی سێدا بەڕێوەدەچێت، لە کێبڕکێکەدا دەمێنێتەوە.

زۆرترین ژمارەی دانیشتوانی عەرەب و موسڵمانی ئەمەریکایی لە ویلایەتی میشیگان دەژین کە بە توندی ڕەخنە لە سیاسەتەکانی بایدن لە غەززە دەگرن. لە چەند مانگی ڕابردوودا چالاکانی ئەم پێکهاتەیە بە دەستپێکردنی کەمپینێک لەو ویلایەتەدا، داوایان لە هاوڵاتیانی لایەنگری پارتی دیموکرات کردووە وەک ناڕەزایەتییەک لە دژی ڕێبازی حکومەتی ئەمەریکا لە شەڕی غەززە لەبری دەنگدان بە جۆو بایدن، دەنگ بە "پابەندنەبوون" بدەن.

بەپێی خەمڵاندنەکان، زیاتر لە 50 هەزار دەنگدەر لە هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی دیموکراتەکاندا، بە نووسینی "ناپابەندبوون"، دژایەتی ڕێباز و سیاسەتی بایدنیان لە قەیرانی مرۆیی غەززەدا کردووە.

چاودێران دەڵێن ئەمەش دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ جۆو بایدن لە 5ی مانگی پێنجی 2024دا، چونکە میشیگان بە ویلایەتی "سوینگ" دادەنرێت، واتە ویلایەتێک کە تێیدا نە دیموکراتەکان و نە کۆمارییەکان ناتوانن پشت بە دەنگی زۆرینە ببەستن.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا، دانۆڵد ترامپ توانی زیاتر لە 10 هەزار دەنگ لە هیلاری کلینتۆن لە ویلایەتی میشیگان بەدەستبهێنێت و ئەو ویلایەتە بباتەوە.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020دا جۆو بایدن توانی بە جیاوازی 150 هەزار دەنگ لە دانۆڵد ترامپ بباتەوە.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG