Accessibility links

خەڵاتکردنی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی ڕای جیاوازی لە نێوان مامۆستایانی ناڕازی دروستکردووە


کۆبوونەوە و خەڵاتکردنی بەرپرسانی عێراق لەلایەن چەند مامۆستایەکی ناڕازیەوە، ڕەخنەی توندی شەقامی لێدەکەوێتەوە، دەستەی مامۆستایانی ناڕازی هەر حزمەتێک بە حزب بە خیانەت لە شەقام و مامۆستایان لێک دەدەنەوە.

عوسمان گوڵپی، یەکێک لە سەرپەرشتیار و ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانی مامۆستایانی ناڕازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە نۆساڵی رابردوودا مامۆستایان و فەرمانبەران لە خەباتێکی فراواندا بوون و سەدان خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، لەم پێناوەشدا ڕووبەڕووی سزادان و دەستگیرکردن و بریندار بوون و شەهیدبوون بوونەتەوە. ئەوەی کە خاوەنی ئەم خەباتە بەردەوامەیە خەڵکی قوربانیدەر و ماندووی ئەم خەباتە مەدەنییەیە، بۆیە هەر هەوڵێک بە ئاڕاستەی بەلارێدابردنی ئەم خەباتە مەدەنییە دەبێتە خیانەت لە خەڵکی نارازی قوربانیدەر و نابێت ڕای گشتی نارازی بەلاڕێدابردن لە هیچ کەس و لایەنێک قبوڵبکەن."

وتیشی،" ئێمە پێمان وایە قۆناغی حزبی لە هەرێمی کوردستان شکستی خواردوە و هەر بە حزبیکردن و بە شەخسیکردنێکی دەستکەوتەکان بەلاڕێدابردنە و خیانەتە لە خەباتی مامۆستایان و فەرمانبەران."

دوای 5 مانگ لە خۆپیشاندانی مامۆستایان لە هەرێمی کوردستاندا، دواجار دادگای فیدڕاڵی عێراق لەسەر داوای چەند کەس و مامۆستایەکی ناڕازی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، 21ی مانگی دووی 2024 دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێمی یەکلا کردەوە و ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نیشتیمانی دەکرێت و لە ڕێگەی هەژماری تایبەتیەوە مووچە لە حکومەتی ناوەندی وەردەگرن.

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دڵخۆشی مامۆستایانی لێکەوتەوە و بەو هۆیەشەوە بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی یەک ڕۆژ دوای بڕیارەکە، ئاهەنگیان گێڕا و سەردانی چەند کەسایەتییەکی سیاسی عێراقیان کرد وەک سوپاس بۆ هەڵوێستیان سەبارەت بە پشتگیری لە دۆسیەی مووچەخۆرانی هەرێم.

یەکێک لەو کەسایەتیە عێراقیانەی کە ئەو مامۆستایانە سەردانیان کرد و خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێبەخشی و ناڕەزایەتی خودی مامۆستایانی ناڕازی شەقامی لێکەوتەوە ، کەسایەتی عێراقی و مەسیحی ڕەیان کلدانی سەرۆکی ڕەوتی بابیلۆن بوو.

ڕەییان کلدانی لە ساڵی 1989 لەدایک بووە و وەک کەسایەتییەکی کریستیان سەرکردایەتی گرووپێکی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی دەکات.

ساڵی 2019 خەزێنەی ئەمەریکا رەییان کلدانی خستە ناو لیستی ڕەشەوە بەهۆی "پێشێلکردنی جددی مافەکانی مرۆڤەوە."

دڵشاد میرانی، یەکێک لەو مامۆستا ناڕازییانەی کە لە خەڵاتکردنەکە بەشداربووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە نە ڕێکخراوین نە گروپ و تاقامێکی ڕەسمین. ئەوەی هەیە ئێمە ڕابەرانی خۆپیشاندانەکانین، لە دە ساڵی ڕابردوودا بۆ ماف و قوتی فەرمانبەران هاتوینەتە شەقام، لە دە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی ئاشتیانە و مەدەنیانە داوای مافەکانی خۆمانمان کردووە، بەڵام بە هیچ جۆرێک بە دەم داواکاریەکانمانەوە نەهاتوون، بۆیە بژاردەی ترمان هەڵبژرادووە و میکانییزمی ترمان گرتۆتە بەر و ڕێی دادگای فیدڕاڵیمان گرتە بەر، ئەمەش پێویستی بە لۆبی کردنە، ئێمە هیچ کەسایەتی و پەرلەمانتاری سەربەخۆمان نییە لە عێراقدا، بۆیە پەنامان بۆ چەند کەسێک بردووە هەم کورد هەم عەرەب. پەنامان بۆ زۆربەی کەسایەتیە عەرەبەکان بردووە."

وتیشی، "ئێمە چەندین کەسی ترمان خەڵاتکرد لە عێراق، بە نموونە عەمار حەکیم و چەند کەسێکی تر، بەڵام تەنها شێخ ڕەیان لە معادەلەکە دەرکراوە و شەڕمان پێ دەفرۆشن، بەداخەوە دەسەڵات دەیەوێت تەفرەقە لە نێوان گروپە ناڕازیەکان دروستبکات و گومان و تۆمەتباریان بکات بە کاری ناڕەوا."

مامۆستایان لە ئەمساڵدا 5 مانگ و بە درێژایی 10 ساڵی ڕابردوو بە شێوەی پچڕ پچڕ خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، بەڵام هیچ لە داواکاریەکانیان کە خۆی لە پێدانی مووچە و پلە بەرزکردنەوەدا دەبینێتەوە جێبەجێ نەکراون لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

دواجار ئەمساڵ مامۆستایان داواکاریەکانیان گەیاندە ناوەند و دادگای فیدڕاڵی، گوایە حکومەتی هەرێم زوڵم لە مووچەخۆرانی هەرێم دەکات. وێرای بڕیاردان لەسەر یەکێک لە دۆسیەکانی مامۆستایان بۆ بە نیشتیمان کردنی مووچەکانیان، هێشتا دۆسیەیەکی تر ماوە کە تایبەتە بە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران و دوای چوار جەلسە وا بڕیارە لە 17ی مانگی 3 دادگا بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدات.

عوسمان گوڵپی دەڵێت، "ئێمە پێمانوایە ئەوەی ئێستا هەیە، سەرەتایە بۆ بەدەستهێنانی مافەکان و لەسەرەتای خەباتی مەدەنیداین و دەبێت بەردەوامبین. هەر دەستکەوتێک لە ئێستا و داهاتووش هەبێت ئەوا هی مامۆستایان و خەڵکی نارازی و خەباتی مەدەنیە و هەر بە شەخسی کردن و بە حزبیکردنی ئەم خەباتە مەدەنیە تاوانە و ڕەتی دەکەینەوە، وە هیچ کات نابێت ئەم خەباتە مەدەنیە تێکەڵ بە ململانێی حزبی و بانگەشەی داهاتووی هەڵبژاردن بکرێت."

وتیشی،" ئەوەی کراوە هەوڵ و ماندوبوونی مامۆستایانی ناڕازی و ئەو فەرمانبەر و هاوڵاتیانەیە کە بێکەس و بێ پشتیوانی حزبی هاواریان دژی ستەم و گەندەڵی و نادادی بەرزکردەوە، بۆیە ئەوەی دەبێت سوپاس بکرێن خەڵکی نارازی و هەزاران مامۆستاو فەرمانبەری خاوەن ئیرادەن."

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:20 0:00

XS
SM
MD
LG