Accessibility links

ڕێکاری توند لە دژی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لە پارێزگا و قەزاکاندا دەگیرێتەبەر


لەگەڵ درێژەکێشانی خۆپیشاندانەکان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، وەزارەتی پەروەردە لەبەرامەبەر چۆڵکردنی شەقام بە مامۆستایان ڕێکاری توندی دەستپێکردووە و بەشێک لە سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانیش لەلایەن هێزەکانی ئاسیشەوە ڕووبەڕووی گرتن و فشاری جۆراوجۆر بوونەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەمە 6-02-2024 لەناو بازاڕی قەزای شارەزوور شەش مامۆستا کە سەرقاڵی قسەکردن بوون لەگەڵ پیشەوەرانی ناوبازاڕی قەزاکەیان بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانیان، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکران و دواتر ئازاد کران. ئەو مامۆستایانە دەڵێن داوایان لێکردوون بەڵێننامە پڕبکەنەوە.

فریاد محەد یەکێک لەو مامۆستایانەی کە دەستگیر کرابوو لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ئێمە شەش مامۆستابوین، چوینە دوو بازاڕ لە قەزاکەمان تا داوا لە کەسوکاری خوێندکاران بکەین سبەینێ هاوهەڵوێستمانبن، کاتێک چوینە بازاڕی زەڕایەن لەوێ دەستگیر کراین و مۆبایلەکانیان پێ کوژاندینەوە، داوایان لێکردین دەست لە خۆپیشاندان هەڵبگرین، ئێمە ڕەتمانکردەوە، دوایانلێکردن مۆبایلەکانمان لای ئەوانبێت، ئێمە ئەوەشمان ڕەتکردەوە، لەژێر فشاری مامۆستایان کە هاتبوونە بەردەم یاریدەدەریەتی ئاسایشی شارەزور ئازادکراین ".

ئەو مامۆستایە وتشی، " دوای ئەوەی ئازاد کراین زانیاریمان پێگەشتووە کە هێزێک ویستویەتی ئێمە دەستگیر بکات و بەرەو شوێنێکی نادیار ببرێین تا خۆپیشاندانی سبەینێ بەڕێوە نەچێت، ئەو 6 شەش مامۆستایەش، بەشێوەیەکی نایاسایی لەناو بازاڕ دەستگیر کراین، نەمان توانیوە شەو لە ماڵەکانمان بمێینەوە لە ترسی دەستگرکردنەوەمان".

ماوەی 5 مانگ و 7 ڕۆژە بەشێک لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی بەردەوامن لە خۆپیشاندان وهەفتانە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، داواکاریەکانیان خۆی لە پێدانی مووچە و بەرزکردنەوەی پلەی پیشەیی و دامەزراندنی وانەبێژاندا دەبینێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەڵێن داواکاریەکانمان بێ وەڵامن .

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ڕۆژی یەک شەممە، 4-2-2024 لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی مانگی 1ی ساڵی 2024 فۆڕمێکی زانیاری داوە بە بەڕێوبەری قوتابخانەکان، تا ئامادە نەبووەکان بە نەهاتوو ئەژماربکرێن و ڕۆژانە فۆڕمەکە ببرێتەوە بۆبەڕێوبەرایەتیەکانی پەروەردە .

دانا عەبدول یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" ئەو فۆڕمە لە چوارچێوەی ئەو زنجرە فشارانەدایە کە گیراوەتەوە بەر، ئێمە هیچ کاتێک سازش لە داواکاریەکانمان ناکەین و ئەو فۆڕمەش بە نایاسایی دەزانین و ڕێکاری یاسایش دەگرینەبەر".

دانا عەبدول وتیشی، " بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو فشارە ئەمنی و ئیداریانەی بەرامبەر بە مامۆستایان دەگیرێنە بەر، ڕۆژی 11ی 2 ی 2024 خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەین و تا ئێستاش بەڕێوبەرەکان بەشێکی زۆریان هاوهەڵوێستن لەگەڵمان و نەچونەتە ژێر باری ئەو فشارانەوە، ئەوانەی ئەو داواکاریەیان جێ بەجێ کردوە ڕێژەیەکی زۆر کەمن".

دەنگی ئەمەریکا بەمەبەستی زانینی،هۆکاری گرتنەبەری ڕێکارە ئیداریەکان بەرامبەر بەو مامۆستایانەی کە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە پەیوەندیکرد بە سۆران عومەر بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی هەڵەبجەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەی نەدایەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت کێشەی مووچە و بەرزکردنەوەی پلەی پیشەیی مامۆستایان و فەرمانبەران لە چوارچێوەی پاکێجی ڕێککەوتنی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمە.

ئاوات جەناب وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێگەی فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، " یاسای بودجە کێشەی بۆ ئێمە و بەغداش دروستکردووە، هەردولامان گەشتوینەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە یاساکە هەمواربکرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانین".

وەزیری دارایی و ئابوری ئەوەش ڕووندەکاتەوە، " سەرجەم زانیاری و داتاکانمان سەبارەت بە پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران ڕەوانەی بەغداد کردوە، چونکە دەبێت مامەڵەی موچەخۆرانی هەرێم هاوشێوە بێت لەگەڵ بەغدا، ئاسۆی هەنگاوەکە ئیجابییە، چونکە لە ساڵی 2012ەوە گەمارۆ لەسەر هەرێم هەبوە، لابردنی ئاستەنگەکانی ئەو ماوەیە پێویستی بە کات هەیە".

please wait

No media source currently available

0:00 0:07:50 0:00

XS
SM
MD
LG