Accessibility links

بڕیارێکی دادگای باڵای پاکستان بۆ ئازادکردنی شوێنکەوتوویەکی ئەحمەدی، خۆپیشاندانی توندی لێدەکەوێتەوە


هەزاران پاکستانی ڕۆژی هەینی ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بڕیارێکی قازی فەێز عیسا سەرۆکی دادگای باڵای وڵاتەکە، ئەمەش دوای ئەوەی فەرمانێکی بۆ ئازادکردنی کەسێکی ئاینزای ئەحمەدی، کە لەلایەن زانایانی توندڕەوی موسڵمانەوە بە لادەر لە ئاین دادەنرێن، دەرکرد. زۆرێک لە خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دژی فەرمانەکە کاردانەوەیان هەبووە و تەنانەت هەندێک هەڕەشەی کوشتنیشیان کردووە.

ئەو پیاوەی لەلایەن قازی فەێز عیسا وە فەرمانی ئازادکردنی دەرکراوە، تۆمەتبار کرابوو بە بڵاوکردنەوەی دەقێکی قەدەغەکراوی ئەحمەدی، کە پیاوانی ئایینیی توندڕەو بە هاوشێوەی کوفرکردن دایدەنێن. ئەمەش پرسێکی زۆر هەستیارە لە پاکستانی زۆرینەی موسڵماندا، کە تەنانەت تۆمەتە نەسەلمێنراوەکانی سەرپێچیکردنی ئیسلام توندوتیژی لێکەوتووەتەوە.

دوای نوێژی هەینی نزیکەی سێ هەزار کەس لە گردبوونەوەکان لە سەرانسەری شاری پیشاوەر لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کۆبوونەوە.

خەڵکەکە ڕێگاوبانەکانیان داخست و دروشمی "مەرگ بۆ قادیانیەکان" و " بژی ئیسلام" یان دەگوتەوە.

قەدیانی زۆرجار وەک بێڕێزی کردن بۆ ئاینزای ئەحمەدییەکان بەکار دەهێنن. قەدیان شارۆچکەیەکی بچووکە لە باکوری هیندستان و شوێنی لە دایک بوونی میرزا غولام ئەحمەدە کە دامەزرێنەری بزووتنەوی ئەحمەدییە.

خۆپیشاندانی چالاکوانانی لەشکری لەبەیکی پاکستان دژ بە سەرۆکی دادگای باڵای وڵاتەکە، 23ی دووی 2024
خۆپیشاندانی چالاکوانانی لەشکری لەبەیکی پاکستان دژ بە سەرۆکی دادگای باڵای وڵاتەکە، 23ی دووی 2024

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە دادگای باڵای پاکستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و ڕەتیکردەوە کە بڕیارەکە پێچەوانەی دەستووری ئیسلامی پاکستان بێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم هەڵمەتە بە تەواوی هەڵەیە. هەڵمەتی ڕێکخراو دژی دەسەڵاتی دادوەری و دادوەرەکان جێگەی داخە".

وتەبێژی کۆمەڵگەی ئەحمەدی پاکستان، ئەمیر مەحموود، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، "پرۆپاگەندەی نەرێنی یەکلایەنە لە دژی ئەم بڕیارە بڵاودەکرێتەوە" کە پیاوێکی لە "گۆشەگیری لەسەر بیروباوەڕە ئایینییەکەی" پاراستووە.

بڕیارەکەی عیسا یەکەمجار دوو هەفتە لەمەوبەر کاردانەوەی لێ نەکەوتەوە، ئەمەش پێش ئەوەی لەلایەن چەندین هەژماری سۆشیال میدیای سەر بە پارتی تەحریكی لەبیکی پاکستانەوە تیشکی بخرێتە سەر.

ئەو پۆستانەی کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرە دەکەن، هەزاران جار لە سۆشیال میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە.

گروپی چەکداری تاڵیبانی پاکستان، کە بە TTP ناسراوە، عیسای بە "دوژمنی ئیسلام" ناوبرد.

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی پاکستان ڕایگەیاندووە، بڕیارەکەی عیسا "مافی دەستووری هەموو کەمینە ئایینییەکان بۆ ئازادی ئایین یان باوەڕ دەپارێزێت".

ڕێکخراوەکە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس ڕایگەیاندووە، "ئەو سەرکردە سیاسی و توێژانەی میدیا کە بەرپرسیارن لەم هەڵمەتە، دەبێت سنووریان بۆ دابنرێت".

ئەحمەدییەکان لە پاکستان دەیان ساڵە پەراوێزخراون و گۆشەگیرییان لەسەرە، ئەمەش بەهۆی باوەڕبوونیان بە پێغەمبەرێکی سەدەی نۆزدەهەمی دوای پێغەمبەر محەمەد.

هەموارکردنەوەی دووهەمی دەستووری پاکستان کە لە ساڵی 1974 کراوە، ئەحمەدییەکانی بە ناموسڵمان ناساندووە.

هەروەها یاساکە ڕێگەیان لێدەگرێت خۆیان بە موسڵمان بناسێنن یان بیروڕای ئاینی خۆین بڵاو بکەنەوە. هەروەها ڕێگە بە سزای لەسێدارەدان بۆ ئەو کەسانە دەدات کە تاوانبارن بە سووکایەتیکردن بە ئیسلام.

عیسا لە بڕیارەکەیدا دەڵێت بەپێی دەستور "هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە دان بە ئایینەکەیدا بنێت و پراکتیزەی بکات و بانگەشەی بۆ بکات".

گوتیشی " ئازادی بیروڕا یەکێکە لە بنەما بنەڕەتییەکانی ئیسلام. بەڵام بەداخەوە لە بابەتی ئاییندا توڕەیی دروست دەبێت و ئەوە لە بیر دەکرێت کە قورئان چیمان فێردەکات لەسەر دانەبەخۆداگرتن و لێکتێگەیشتن."

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کتێبەی کە گوایە لەلایەن تۆمەتبارەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە کاتی ئەنجامدانی ئەو تاوانەی کە گوایە لە ساڵی 2019دا ئەنجامدراوە، ئەو کات قەدەغە نەکرابوو.

کەسایەتی ئایینی فەزلور ڕەحمان، سەرکردەی کاریگەری پارتی ئایینی پارێزکاری کۆمەڵەی زانایانی ئیسلام، گوتی ڕوونکردنەوەکەی عیسا "درۆیە و لەسەر بنەمای نیەتی خراپە".

لە ساڵی 2011 دا پارێزگاری ڕۆژهەڵاتی پەنجاب لەلایەن پاسەوانەکەیەوە کوژرا، دوای ئەوەی داوای چاکسازی لە یاسا توندەکانی کوفردا کرد کە ئەحمەدییەکان زۆرجار دەبنە قوربن ئەو یاسایە.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە لە فرانس پرێس وەرگیراوە.

.

XS
SM
MD
LG