Accessibility links

کەشتی واڵایی 'ئۆدیسیۆس'ی ئەمەریکا دەگاتە سەر مانگ


کەشتییەکی واڵایی ئەمەریکا بە ناوی 'ئۆدیسیۆس' کە لەلایەن کۆمپانیای کەرتی تایبەتی 'ئینتیوتیڤ ماشینز'ە دروستکراوە سەرکەوتوانە لەسەر مانگ نیشتەوە. هەرچەندە سەرەتا سیگناڵەکانی پەیوەندی کردنی کەشتییە واڵاییەکە بە زەوییەوە لاواز بوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئێوارەی پێنجشەممە 22ی مانگی دوو توانی دوای 10خولەک پەیوەندی بە ناوەندی زەویەوە بکات.

تیم کرین بەڕێوەبەری ئەرکەکە گوتی"ئێمە هەڵسەنگاندن دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین کێشەی لاوازی پەیوەندیکردنی کەشتییە ئاسمانییەکە چارەسەر بکەین، بەڵام دەتوانین ئەوە بە دڵنیاییەوە پشتڕاست بکەینەوە کە ئامێرەکانمان ئێستا لەسەر مانگن."

هەروەها ستیڤ ئاڵتموس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە گوتی "ڕۆبۆتی شەش قاچی ئۆدیسیۆس ئێستا لەسەر مانگە و ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەڕان."

کەشتی واڵایی ئۆدیسیۆس لە خولگەیەکی مانگەوە دابەزیوە و لە نێو بەرد و چالە قووڵەکانی نزیک جەمسەری باشووردا لە شوێنێکی تاڕادەیەک تەختدا نیشتوەتەوە.

ئەم ئەرکە یەکەم نیشتنەوەی کەشتییەکی واڵایی ئەمەریکاییە لەوەتای نیشتنەوەی ئەپۆلۆی 17 لە ساڵی 1972وەوە.

ئەم ڕۆبۆتە شەش قاچە، بێ سەرنشینە و هەڵگری کۆمەڵێک ئامێری زانستی ناسا و چەند کۆمپانیایەکی تایبەتە و بە شێوەیەک دروستکراوە کە بە وزەی خۆر بۆ ماوەی نزیکەی حەوت ڕۆژ کار بکات.

ئەمە یەکەمجارە کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بە سەرکەوتوویی بتوانێت پشکنەرێک لەسەر مانگ بنیشێنێتەوە.

ئۆدیسیۆس لە 15ی مانگی دوو بە موشەکێکی سپەیس ئێکس ڕەوانەی واڵایی ئاسمان کرا و ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە خولگەی مانگ و لەو کاتەوە تا پێش نیشتنەوەی نزیکەی 92 کیلۆمەتر لە سەر مانگەوە دەخولایەوە.

زانایان دەڵێن بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کە بارودۆخی ئەم پشکنەرە لە خولگەی مانگدا لە دۆخێکی زۆر لەبارەدایە.

لێکۆڵینەوە لە کردار و کاردانەوەی ڕووی مانگ لەگەڵ هەوای واڵایی ئاسمان و هەروەها تایبەتمەندییە سروشتییەکانی مانگ لە ئەرکەکانی ئەم پشکنەرەن کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گەڕانەوەی کەشتیوانانەکان بۆ سەر مانگ.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG