دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردسان ڕادەگەیەنێت دوو گرووپی "تیرۆریستی" لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئاشکرا کراون و 30 "تیرۆریست"یشیان دەستگیر کردووە.
دەزگاکە دەڵێت ئەو گروپانە فکرەی توندڕەوی داعشیان بڵاو دەکردەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە ڕۆژی 21ی 10 ساڵی 2023 "بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییان دەستکەوت لەسەر بوونی دوو گروپ لە دەڤەری ( پشدەر و بتوێن )لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە فکرەی توندڕەویان وەرگرتووە و پیلانیان هەبووە بچنە ڕیزەکانی داعش و ببنە چەکداری ئەو گرووپە تیرۆریستی یە."
دەزگاکە دەڵێت دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە ئۆپراسیۆنێکدا لە 15ی مانگی 12ی 2023 "لە قەڵادزێ ( 10)تیرۆریست دەستگیرکران و دووانیان ئافرەتن"
هەروها دەشڵێت پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی 17ی مانگی 12ی 2023شدا "لە ڕانیە ، قەڵادزێ ، ژاراوە ، حاجی ئاوا ، شکارتە ( 20 )تیرۆریستی تر دەستگیرکران و ڕووبەڕوی یاساکرانەوە."
دەزگاکە لە ڕاگەیاندراوەکەی ئەمڕۆ پێنچشەممەیدا کە تیایدا ڤیدیۆیەکی ئۆپەراسیۆنەکانیشی بڵاو کردووەتەوە دەڵێت "سەرئەنجام بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ئەم گروپەی تیرۆریستیەی داعش لە ڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەیان بۆ بڵاوکردنەوەی فکری توندڕەوی داعش کردوە چەندین جار پیلانیان داناوە هیجرەت بکەن بەڵام بە بڕیاری داعش کە پەیوەندی راستەوخۆیان هەبووە لەگەڵیان لەناو شارەکان هێڵراونەتەوە تا بەنهێنی بانگەشە بۆ داعش بکەن و گروپەکانیان بەرفراوانتر بکەن . "
هاوکات هاووڵاتیانیش دڵنیا دەکاتەوە کە هەر مەرامێکی دژی ئاسایشی گشتی خەڵکی بێت شکستی پێدەهێنن. .