Accessibility links

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ: داویان بۆ ئومێد داناوە و بە مەبەست ڕۆژنامەنوسان پێنجشەممان دەستگیردەکرێن بۆ ئەوەی تا یەکشەممە لە زینداندا بن


بە هۆی پۆستێک لە سۆشیال میدیا، ڕۆژنامەنوس ئومێد بەرۆشکی لە لایەن هێزێکی ئەمنیەوە دەستگیر دەکرێت، ڕێکخەری سەنتەری میترۆش ڕایدەگەیەنێت، زۆربەی ڕۆژنامەنوسان ڕۆژانی پێنجشەممە دەستگیردەکرێن تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە لە کونجی زیندان بمێننەوە و دواتر دادوەر بڕیاریان لە باریەوە بدات ئەمەش پێشلکاریە."

ڕەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئومید بەرۆشکی یەکێکە لە قەڵەم بەدەست و ئازاکانی سنوری بادینان، هەمیشە دژی دەسەڵات دەوەستێتەوە، بەیانی ئەمڕۆ لەلایەن هێزێکی ئەمنیەوە بە تۆمەتی ئەوەی پۆستێکی لە سۆشیال میدیا کردووە دەستگیردەکرێت."

ڕێکخەری سەنتەری میترۆ، وتیشی،" لە 23 ی ئەم مانگە هەواڵێکی بڵاوکردووتەوە کە مەلا نەزیر بەرواری یەکێکە لە زیندانیان بادینان و سزاکەی تەواو دەبێت، بەڵام دواتر لە چاکسازی نامێنێت و دەبرێتە ئاسایش، ئومێدیش ئەم هەواڵەی داناوە و وتوویەتی ڕفێنراوە."

بە پێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئومێد لە سەر ئەو پۆستەی کە بڵاویکردووەتەوە چاکسازی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردووە و دوای دەستگیرکردنی ئەمڕۆ 22ی مانگی دوو، براوەتە بنکەی پۆلیسی بەرۆشکی و دواتر بۆ بنکەی پۆلیسی مەڵتا و لەوێشەوە بۆ چاکسازی زڕکا و دەستبەسەرە تا ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو کە دادوەر دەیبنێت.

ڕەحمان غەریب باسی لەوەشکرد،" بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ئەو ڕۆژنامەنوسەی سنوری بادینان دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا ڕۆژنامەنوسە و دەبوایە بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەری مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بۆیە ئەم دەستگیرکردنە تۆڵەکردنەوەیە و داویان بۆی داناوە تا بێدەنگی بکەن."

سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەکدا دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕەتدەکەنەوە و بە پێشێلکاری ئاشکرایی بەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان کە ئازادی دەربڕین ناو دەبەن و داوای دەست بەجێ ئازادکردنی دەکەن.

XS
SM
MD
LG