Accessibility links

ڕێواس فایەق: ئەوەی لە بارەی سلێمانی دەوترێت ناڕاستە، یەکێتی دەیەوێت پەیوەندیەکی تەندروستی هاوسەنگی شکۆدارانەی لەگەڵ تورکیا دا هەبێت


سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوەی لە بارەی سلێمانی دەوترێت ناڕاستن، یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەموو هەنگاوێکی ناوە تا پەیوەندیەکی تەندروستی هاوسەنگی شکۆدارانەی لەگەڵ تورکیا هەبێت.

ڕۆژی 2 مانگی چواری 2023، وڵاتی تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانەکانی بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخست و ڕۆژی 5 هەمان مانگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ڕاگرتنی گەشتەکانیان بە ڕووی سلێمانیدا تا مانگی تەمووز بەردەوام دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ " زیادبوونی چالاکیەکانی پەکەکە لە سنوری سلێمانی گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەداوە ڕێکخراوەکە دزەی کردووەتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مەترسی لەسەر ئاسایشی فڕۆکەوانی دروست کردووە."

هەر لە ساڵی 2023 تورکیا جارێکی تر ڕاگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ڕۆی 21 ی مانگی دوانزەی 2023 تاوەکو 22ی مانگی شەشەی 2024 درێژکردەوە.

دکتۆر ڕێواس فایەق سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە وتوو وێژێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەوەی من دەزانم بەشێکی زۆری ئەو قسانەی دەکرێت سەبارەت بە سلێمانی ناڕاستن و هیچ بنەمایەکی دروستیان تێدا نیە، هەرچەندە قسەکردن لەسەر بابەتی داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی و داواکانی تورکیا، ڕەنگە ئەرکی وتەبێژی یەکێتی بێت زیاتر لە من، بەڵام ئەوەی ئاگادارم یەکیتی دەیەوێت پەیوەندیەکی تەندروستی هەبێت لەگەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە دراوسێی هەرێمەکەمانن، ئێمە گەر بە ڕاستەوخۆ هاوسنوریان بین یاخوود هەتا ئەوانەشی کە دوورن لێمانەوە دەتوانن بە شێوەیەک لە شێوەکان نفوزیان هەبێت لە دروستکردنی بڕیار لە ناوچەکەدا."

دوای ئەوەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 بەشداریان لە دەنگدان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لایەنە سیاسیەکان سەر پەرشتیاری ڕاپرسیەکە بوون، جارێکی تر حکومەتی تورکیا هەمان هەڵوێستی بەرامبەر هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر گرتە بەر، بەڵام سزای ئەمجارەیان جیاوازە و تەنها فڕرۆکەخانەی سلێمانیە.

ڕێواس فایەق ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، وتیشی،" تورکیا وڵاتێکی دراوسێمانە و پەیوەندی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیمان لەگەڵ کوردستاندا هەیە، بۆیە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەیەوێت پەیوەندیەکی تەندروستی هاوسەنگی شکۆدرانەی لەگەل تورکیادا هەبێت و هەنگاو نراوە لەو بارەیەوە."

گەرچی حکومەتی عێراقی هەموو هەنگاوێکی ناوە بە مەبەستی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێو دەوڵەتی سلێمانی، بەڵام هەوڵەکانی بێ ئەنجامبوونە و تورکیا مەرجی هەیە بۆ یەکێتی و سلێمانی گەر جێ بەجێییان بکات ئەوکات سزاکانی لادەبات.

ڕۆژی 15 ی مانگی دووی ئەمساڵ، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی لە میسر بە میدیاکارانی ڕاگەیاند،" بەداخەوە ئیدارەی یەکێتی بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، سەرەڕای هۆشدارییە دووبارەکانمان."

گوتیشی"دەتوانین ھەموو ھەنگاوەکان لەگەڵ دراوسێیەکانمان لە ناوچەکە بگرینەبەر، بە مەرجێک ڕێگا نەدرێت قەوارەیەکی تیرۆریستیی لەسەر سنوورەمان دابمەزرێت."

ئەردۆغان گوتیشی "کاتێک پرسەکە مانەوە و ئاسایشی نیشتمانییمان بێت، هەتا کۆتایی دەرگاکانی لێبوردەیی دادەخەین و چی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین."

XS
SM
MD
LG