Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا نیگەرانن لە پێشکەوتنەکانی چین لە بواری بایۆتەکنەلۆژیادا

یاسادانەرانی ئەمەریکا هۆشداری دەدەن سەبارەت بە دوا کەوتنی ئەمەریکا و شکستی وڵاتەکە لە ڕکابەریکردنی لەگەڵ چین لە بواری بایۆتەکنەلۆژیادا و هەروەها هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئەمەریکا و لەم پێناوەشدا پڕۆژە یاسایەک پێشکەش دەکەن بۆ قەدەغەکردنی بازرگانیکردنی کۆمپانیا چینییەکان لەگەڵ کۆمپانیا حکومییەکانی ئەمەریکا.

بایۆتەکنەلۆژیا بەکارهێنانی زانستە بۆ پێشکەوتنی خێرا لە چارەسەری پزیشکی و ئەندازیاری بۆماوەیی لە کشتوکاڵ و بایۆماتریاڵی نوێدا و بەهۆی تواناکانییەوە بووەتە جێگای سەرنجی هەردوو حکومەتی چین و ئەمەریکا.

لە ئێستادا بەهۆی نیگەرانییەکانی بەپرسانی ئەمەریکا لە پێشکەوتنی چین لەو بوارەدا، پڕۆژە یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سینات پێشکەش کراوە بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردنی "کۆمپانیاکانی بواری بایۆتەکنەلۆژیا وڵاتانی نەیار" لەگەڵ کۆمپانیاکانی دابینکەری پزیشکی ئەمەریکا کە پارەکەیان لەلایەن فیدراڵیەوە دابین دەکرێت. لە پڕۆژە یاساکەدا، بەدیاریکراوی ئاماژە بە ناوی چوار کۆمپانیای چینی کراوە.

باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن ڕایگەیاندووە "ئەوانەی لەپشت ئەو پڕۆژە یاسایەن، لایەنگرییەکی ئایدیۆلۆژیان هەیە کە بە بیانووی بێ بنەماوە، هەوڵی سەرکوتکردنی کۆمپانیا چینییەکان دەدەن". هەروەها داوای کردووە کۆمپانیا چینییەکان مامەڵەی کراوە و دادپەروەرانە و بێ جیاوازییان لەگەڵدا بکرێت.

مشتومڕەکان لەسەر بایۆتەکنەلۆژیا لە کاتێکدایە کە بەڕێوبەرایەتی بایدن هەوڵدەدات پەیوەندییە ناجێگیرەکەی ئەمەریکا و چین تا ڕادەیەک بەرەو سەقامگیری ببات کە بەهۆی کۆمەڵێک پرسەوە کێشە و ئاڵۆزیی تێکەوتووە، لەوانەش بە هۆی شەڕی بازرگانی، پەتای کۆڤید-19، ئاسایشی ئەلیکترۆنی و چالاکییە سەربازییەکان لە دەریای باشووری چین .

بەڵام ڕەخنەگرانی پڕۆژە یاساکە هۆشداری دەدەن لەوەی کە سنووردارکردنی کۆمپانیا چینییەکان ڕێگری لە پێشکەوتنەکان دەکات کە دەتوانێت سوود و خەیرێکی فەراوانتر بهێنێتە ئاراوە.

ئەبیگەیل کاپڵێن، مامۆستا لە کۆلێژی ڤاساری نیویۆرک کە پسپۆڕە لە پیشەسازی بایۆتەکنەلۆژیای چیندا، دەڵێت "لە بایۆتەکنەلۆژیادا، ناتوانێت بە بەربەستکردنی لایەنەکانی دیکە، توانای کێبڕکێی خۆت بپارێزێت."

دەشڵێت نیگەرانە لەوەی کە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا زۆر نیگەرانیان لەسەر بەکارهێنانی سەربازیی ئەو تەکنەلۆژیایە کە ئەمەش وابکات ڕێگر بن لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان و فەراونکردنی خۆراک بۆ دانیشتوانی جیهان.

بەڵام لایەنگرانی پڕۆژە یاساکە دەڵێن ئەم یاسایە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا زۆر گرنگە.

کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا بۆ بایۆتەکنەلۆژیا کە گروپێکە لەلایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە بۆ پێداچوونەوە بە پیشەسازییەکەدا ڕێکخراوە، ڕایگەیاندووە پڕۆژە یاساکە یارمەتیدەر دەبێت لە دەستەبەرکردنی ئاسایش و پاراستنی داتاکانی حکومەتی فیدراڵی و هاوڵاتیانی ئەمەریکا و هەروەها ڕێگری لە کێبڕکێی نادادپەروەرانەی کۆمپانیا چینییەکانیش دەکات.

کۆمیسیۆنەکە هۆشداریداوە لەوەی پێشکەوتن لە بواری بایۆتەکنەلۆژیادا نەک تەنها دەتوانێت ببێتە هۆی سوودی ئابووری بەڵکو گۆڕانکاری خێرا لە توانا سەربازییەکانیشدا دروست دەکات.

هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و چین کە دوو گەورەترین ئابووری جیهانن، بایۆتەکنەلۆژیایان وەک بەرژەوەندییەکی نیشتمانی گرینگ دەستنیشان کردووە.

بەڕێوبەرایەتی بایدن "رێبازێکی گشتی حکومەتی" بۆ پێشخستنی بایۆتەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی بایۆلۆجی خستۆتە ڕوو کە بۆ تەندروستی، گۆڕانی کەشوهەوا، وزە، ئاسایشی خۆراک و کشتوکاڵ گرنگییەکی زۆری هەیە.

حکومەتی چینیش پلانی پەرەپێدانی "هێزێکی تەکنەلۆژیای ستراتیژی نیشتمانی" هەیە لە بواری بایۆتەکنەلۆژیادا کە ئەرکەکەی پێشکەوتن و یارمەتیدانی وڵاتەکە دەبێت بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی لەبواری تەکنەلۆژیادا، بە پلەی یەکەم بێ نیازبوونی ئەمەریکا.

تام بالیکی، سەرۆکی بلومبێرگ لە بواری تەندروستی جیهانی لە ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت "هەم حکومەتی چین و هەم ئەمەریکا، بایۆتەکنەلۆژیایان وەک بوارێکی گرنگ بۆ وەبەرهێنان دەستنیشانکردووە، کەرتێک کە دەرفەتێک بۆ گەشەپێدانی ئابوورییان دەڕەخسێنێت".

سەرچاوە/AP

This item is part of
XS
SM
MD
LG