Accessibility links

ئێران بڕیارێکی نوێ بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەردەکات


ناوەندی نیشتمانی ئێران بۆ چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان( ئەنجومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنی) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا داوای لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی ئێران کردووە لە ماوەی مانگێکدا بە هاوکاری وەزارەتەکانی کاروباری ئابووری و دارایی و وەزارەتی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان، پلانێک بخاتەڕوو بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەلایەتییەکانی ئێران لە جیاتی بەکارهێنانی پلاتفۆرمە دەرەکییەکان، پلاتفۆرم و تۆڕە ناوخۆییەکانی وڵاتەکە بەکاربهێنن.

ئەنجومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنی ساڵی 2012 بە فەرمانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران دامەزرا کە ئەرکەکەی دامەزراندنی ناوەندی نیشتمانی فەزای ئەلیکترۆنی وڵاتەکەیە. پەیامنێرانی بێ سنوور، ئەنجوومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنی ئێران بە ڕێکخراوێکی سەرکوتکەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناو دەبات.

ئەو بڕیارنامەیەی ئەنجومەنەکە هەروەها بەکارهێنانی دژە فلتەرەکان قەدەغە دەکات و دەڵێت تەنها بە مۆڵەتی یاسایی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت.

دژە فلتەر بریتییە لە بەکارهێنانی بەرنامە و شێواز و ئامرازی جۆراوجۆر بۆ تێپەڕاندنی سانسۆری ئینتەرنێت بۆ کردنەوەی ئەو ماڵپەڕانەی بە بڕیاری حکومەتەکان داخراون.

لە بڕیارنامەکەدا داوا کراوە کە وەزارەتی تەکنۆلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان ڕێوشوێنەکان بگرێتەبەر بۆ ئەوەی لە هەنگاوی یەکەمدا نیوەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پلاتفۆرمە بیانییەکان لەوانەش لە ئینستاگرام و ئێکس لە ماوەی 6 مانگدا بگوازرێنەوە بۆ پلاتفۆرمە ناوخۆییەکان.

بڕیارەکە هەروەها کۆمپانیا و بزنسەکان لە ڕیکلامکردن لە پلاتفۆرمە بیانییەکانی وەک ئینستاگرام و تێلێگرام قەدەغە دەکات.

بڕیارنامەی ئەنجومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنی و نایاسایی ڕاگەیاندنی بەکارهێنانی دژە فلتەر لە ئێران کاردانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە.

عەلی موجتەهدزادە، پارێزەرێکی ئێرانی لە کاردانەوە بەو بڕیارە لە تۆڕی ئیکس نووسیویەتی "ئەنجومەنی باڵای فەزای ئەلیکترۆنی مافی یاسادانان و بڕیاردانی لەسەر چۆنییەتی ژیانی خەڵکی ئێران نییە".

ئەو پارێزەرە هەروەها ڕایگەیاندووە لە ڕێگەی دەرکردنی مووڵەت بۆ بەکارهێنانی دژە فلتەر، پارەیەکی زۆرتر دەڕواتە گیرفانی بەرپرسانەوە.

دەشڵێت "بە پێی ئەم بڕیارە 80 ملیۆن ئێرانی و بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی باڵای وڵات، تاوانبار لەقەڵەم دەدرێن."

ڕاگەیاندنی نایاسایی بوونی دژە فلتەر بۆ خەڵکی ئێران دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای "مێتا" هەفتەی ڕابردوو ئەکاونتەکانی پێوەندیدار بە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پلاتفۆرمەکانی خۆی سڕییەوە.

هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هەژماری ئاژانسی هەواڵی "میزان" کە سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بۆ هەمیشە سڕییەوە.

سەرچاوەکان/ ئاژانسە نێوخۆییەکانی ئێران/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG