وەزیرانی باڵای حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی پێنجشەممە ئەو پلانانەیان ڕەتکردەوە کە هەنگاو بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی دەنێن، دوای ئەوەی ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیل، ئەمەریکا، پلانەکانی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی بەرەوپێش دەبات.
بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی ئیسرائیل وتی " ئێمە بە هیچ شێوەیەک بەم پلانە ڕازی نابین، کە دەڵێت فەلەستینییەکان شایستەی پاداشتێکن، لەبەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییە ترسناکەی کە لە دژی ئێمە ئەنجامیاندا، هەروەها دەوڵەتێکی فەلەستینی کە قودس پایتەختەکەی بێت."
گوتیشی دەوڵەتی فەڵەستینی هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە دەبێت بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل وەک ئەوەی لە 7 ی مانگی 10 دا سەلماندرا، داواشی کرد کابینەی ئاسایش کە بڕیارە دواتر کۆببنەوە، هەڵوێستێکی ڕوون لە دژی دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستینی بگرێتەبەر.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند ئەمەریکا لەگەڵ هەندێک وڵاتی عەرەبی کاردەکات، لەوانە میسر، ئوردن، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی، قەتەر و عەرەبستانی سعودیە، کە ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە هەوڵی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی دەدات لەگەڵیاندا، لەسەر پلانێکی دوای جەنگ بۆ ئەو ناوچەیەی کە خشتەیەکی کاتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینی لەخۆ دەگرێت.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی فەلەستینییەکانیش دەڵێت هەر دەستپێشخەرییەکی سیاسی کە بە دەوڵەتێکی فەڵەستینی وەک ئەندامێکی تەواوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستپێنەکات " بە شکست دادەنرێت."
سەرچاوە: ڕۆیتەرز