Accessibility links

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ: لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا ئامانجێکی هێزەکانی سەر بە ئێران لە سوریا بۆردومان دەکرێت


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەناسراو " کە پێدەچێت سەر بە هێزەکانی ئەمەریکا بن" بۆردومانی کێڵگەیەکیان کردووە لە ناوچەی ئەلشیبلی لە نزیک شارۆچکەی ئەلمەیادینی پارێزگای دێرەزۆر.

ڕوانگەکە لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممەدا دەشڵێت ئەو شوێنەی کە هێرشەکەی کراوەتەوە سەر بنکەیەکی " گرووپی ملیشیای ئیمام ئەلسادقی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانە، کە عەمبارکردنی مووشەک بەکاری دەهێنن."

ڕوانگەکە کە پشت بە تۆڕی چالاکوانانی نێو سوریا دەبەستێت ڕایشیگەیاندووە " فڕۆکەکان شوێنێکی چۆڵیشیان کردووەتە ئامانج کە لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ ڕاهێنان بەکاردەهێنرا بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی لێبکەوتێتەوە."

بەڵام دەشڵێت شۆفێرێکی تانکەرێک لە سەر ڕێگای بنکەی عەین علی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گیانی لە دەستداوە. بە پێی ڕوانگەکە ئەو شوێنە سەکۆی هەڵدانی مووشەکی لێبووە.
ئەم هێرشە سێ ڕۆژ پاش هێرشەکەی 9 ی مانگی دووە کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی کە گومان دەکرێت ئەمەریکایی بووبێت، ئەنجام درا. لەو هێرشەدا خالێکی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوجەرگەی شارۆچکەی ئەلسوکارییە لە گوندی ئەلبوکەمالی ڕۆژهەڵاتی دێرەزۆر کرایە ئامانج.

هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەسەر هێرشکەی ڕۆژی دووشەممە ڕانەگەیاندووە، بەڵام لە مانگی ڕابردووەوە وەکو تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر کوژرانی سێ سەربازەکەی لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە ئوردن، چەندین هێرشی کردووەتەوە سەر ئامانجەکانی گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا و یەمەن.

سەرچاوە: ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ

XS
SM
MD
LG