Accessibility links

دواین بەدواداچوونەکان لە بارەی چارەنوسی کارگوزارە فلیپینییەکەی ماڵی پێشڕەو دزەیی


دوای نزیکەی مانگێک لە هێرشە موشەکیەکەی سەر ماڵی پێشڕەو دەزیی لە هەولێر و نەخستنە ڕووی دەرئەنجامی کۆتایی چارەنوسی میشێل میندۆزای فلیپنی، دەرگای گومانەکانیانی زیاتر واڵاکردووەتەوە و بەشێک لە ڕای گشتی و تەنانەت بەرپرسانیش هێشتا بە گومانەوە دەڕووانە کەیسەکە و دەڵێن،" بۆچی مافی مانەوەکەی میشێل دۆزرایەوە و خۆی و پاسپۆرتەکەی ونن."

شەوی 15ی مانگی 1ی 2024 نزیکەی کاتژمێر 11:30ی خولەکی شەو، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین موشەکی بالستی هێرشیکردە سەر هەولێر و بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکە برینداربوون، بریندارەکان بریتیبوون لە خێزان و کوڕی پێشڕەو دزەیی و دوو کارگوزاری فلیپینی، بەڵام یەکێک لە کارگوزارەکانی ماڵی پێشڕەو دزەیی بە ناوی میشێل هێشتا چارەنوسی نادیارە چونکە دوای گەڕانێکی زۆریش هیچ ئاسەوارێکی دیار نەبووە.

وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر ڕایدەگەیاند، دوای ڕووداوەکە هەشت ڕۆژی چڕ تیمەکانیان لە ناوەوە و دەرەوەی باڵەخانەکە بە ئامێر و بە دەست گەڕاون، بەڵام چارەنوسی میشێلیان نەدۆزیوەتەوە تەنها جزدان و مافی مانەوەکەی و چەند پارچە گۆشتێک نەبێت.

بە گوێرەی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، میشێل میندۆزا هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی دوو منداڵە و نزیکی 7 ساڵ لەمەوبەر بە مەبەستی کارکردن هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لە چەند مانگی ڕابردوو وەک دایەنی کچەکەی پێشڕەو دزەیی کاریکردووە، کە ئەویش تەمەنی کەمتربوو لە ساڵێک و لە هێرشەکە کوژرا.
کەسوکاری میشێل لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی فیلیپینەوە داوای "بەڵگەی ڕوون" دەکەن لەسەر گیانلەدەستدانی.

فەلاح ئەنوەر، کونسوڵی فەخری فیلیپین لەسەر یەکلاکردنەوەی چارەنوسی میشێل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" داوامان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە فیزا بدات بە کوڕێکی میشێل تا بێتە هەرێم و پشکنینی بۆ بکرێت بزانرێت ئاخۆ ئەو پارچە گۆشتانە هی میشێلن یان نا، بە دڵنیایەوە لەم چەند ڕۆژە ڕێکارەکان تەواو دەبن و دەگاتە هەڕێمی کوردستان و گومانی زۆرمان هەیە، میشێل کوژرابێت."

لە ئەنجامی گەڕانەکانی تیمی بەرگری شارستانی هەولێر لە شوێنی ڕووداوەکە دوو پارچە گۆشتی مرۆڤ دۆزراوەتەوە و ئاراستەی پزیشکی دادی هەولێر کراوە بۆ پشکنین، تا بزانرێت ئەو پارچانە هی میشێلە یاخود کوژراو بریندارەکانی دیکەی نێو ماڵەکە.

موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای وت،" ئەرکی تێمەکانمان کۆتایی هاتووە و ئەو بەڵگانەی کە لەنێو باڵەخانەکە دەستمان کەوتوون، هەموویانمان ڕادەستی پزییشکی داد کردووە و هیچ نوێ لە لای تیمەکانی ئێمەدا نییە."

سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکیکار لە کرێکارانی بیانی لە عێراق، بە هەمان شێوەی ڕای گشتی بە گومانەوە لە کەیسەکە دەڕوانێت و دەڵێت،" نازانین میشێل ماوە یاخود لە کاتی مووشەکەکان گیانی لە دەستداوە، ئەوەش پێویستە حکومەتی هەرێم بەزووی کاری لەسەر بکات و چارەنوسی ئاشکرا بکات."

محەمەد هەژار، سەرۆکی ڕێکخراوی داکۆکیکار لە کرێکارانی بیانی لە عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" زیاد لە 40 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستاندایە و کاردەکەن و حکومەت ئامارێکی دروستی لە بەردەستدا نیە، بۆیە نازانین میشێل بە چ شێوازێک هاتوووتە کوردستان، بەشێوەی فەرمی و لە ڕێگای کۆمپانیاکان یاخود قاچاخ و ئاگاداری شێوازی هاتنەکەی نین."

ئەو پارچە گۆشتانەی کە دۆزراونەتەوە لە پەیمانگای پزیشکی دادی هەولێر هەڵگیراوە بە مەبەستی، ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا پشکنینی دی ئێن ئەی لەسەر بکرێت.

دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادی کوردستان تەنها ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئەو کەیسە لە لێکۆڵینەوەدایە."

لە ڕۆژی هەینی 19ی مانگی یەکی، واتا چوار ڕۆژ دوایی ڕووداوەکە، چارلی باکانیا مانانجان باڵوێزی فلیپین، چووە شوێنی ڕووداوەکە بەمەسەتی بەدواداچوون و هەواڵپرسینی تیمەکان بۆ دۆزینەوەی میشێل و تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە چاوەڕوانی دەرئەنجامی کۆتایی ئەو هاووڵاتیەیانن، تا بەمان و نەمان بە حکومەت و کەسوکارەکەی لە فلیپین ڕایبگەیەنن .

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:11 0:00

XS
SM
MD
LG