Accessibility links

دادگایەکی هۆڵەندا بڕیار دەدات ناردنی پارچەی فڕۆکەی F-35 بۆ ئیسرائیل ڕابگیرێت


دادگایەکی پێداچوونەوە لە هۆڵەندا ڕۆژی دووشەممە فەرمانی بە حکومەت کرد هەناردەکردنی پارچەی فڕۆکەی جەنگی F-35 بۆ ئیسرائیل ڕابگرێت، ئەمەش دوای سکاڵایەکی یاسایی کە لەلایەن گروپەکانی مافەکانی مرۆڤەوە تۆمارکرا و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە خستەڕوو.

دادگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاشکرایە کە مەترسییەکی ڕوون هەیە کەرەستەکانی فڕۆکەی F-35ی لەو کردەوانەدا بەکاربهێندرێن کە سەرپێچییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."

ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە تاوانی جەنگی لە غەززە ئەنجامدابێت، لەو ئۆپەراسیۆنەی کە پاش هێرشەکەی مانگی دەی ساڵی ڕابردووی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل هەزار و 200 کەس لەو هێرشەدا کوژران. بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حەماس لە غەززە، لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە، زیاتر لە 28 هەزار و 300 فەلەستینی لە غەززە کوژراون.

دادگاکەی هۆڵەندا ڕایگەیاندووە، پێویستە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا حکومەت پابەندی ئەو بڕیارە بێت.

دەکرێت داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت.

کۆگایەکی پارچەی فڕۆکەی F-35 ی ئەمەریکایی لە هۆڵەندایە، و لەوێوە پارچەکان ڕەوانەی چەندین وڵات دەکرێن.

سەرچاوە: فرانس پرێس، ئەسۆشیەیتد پرێس، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG