Accessibility links

دوای وتارێکی ترامپ نیگەرانییەکان لەسەر پابەندبوونی ئەمەریکا بە ناتۆوە نوێ دەبێتەوە


لێدوانەکانی ئەم دواییەی دانۆڵد ترامپ دژی ناتۆ نیگەرانی ئەوەی لێکەوتەوە کە ڕەنگە وابەستەیی ئەمەریکا بۆ ناتۆ کەمببێتەوە. لێدوانەکانی لە میانی وتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، گومانەکانی لەسەر وابەستەیی ئەمەریکا بە بەڵێنەکانی بۆ هاوپەیمانی بەرگری هاوبەش دروست کرد، ئەگەر بێتە و ترامپ لە هەڵبژاردنی مانگی 11دا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

ترامپ ڕۆژی شەممە لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بانگەشەی هەڵبژاردندا لە کارۆلاینای باشوور، باسی لە گفتوگۆیەکی کرد بە قسەی خۆی لەگەڵ هاوڕێیەکی سەرۆکی وڵاتێک لە کۆبوونەوەیەکی نادیاری ناتۆدا.

ئەو گوتی "یەکێک لە سەرۆکەکانی وڵاتێکی گەورە وتی ئەگەر پارە نەدەین، و هێرشی ڕووسیاشمان بکرێتەسەر، دەمانپارێزیت؟" وتم پارەت نەداوە، تاوانباری؟"

"نا، من تۆ ناپارێزم. لە ڕاستیدا هانیان دەدام هەرچییەکیان بوێت بیکەن."

ترامپ بەردەوام ڕەخنەی لە ناتۆ گرتووە و دەڵێت ئامانجێکیان بەدی نەهێناوە کە لانیکەم لەسەدا دووی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ بەرگری خەرج بکەن.

ئەم لێدوانەی ترامپ دوای ئەوە بوو کە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات ڕۆژی چوارشەممە پڕۆژە یاسایەکی دوولایەنەیان ڕەتکردەوە کە بریتی بوو لە دابینکردنی پارەی زۆر پێویست بۆ ئۆکرانیا، لەگەڵ یارمەتیدانی ئیسرائیلی هاوپەیمانی ئەمەریکا و هەروەها چاکسازییەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سنووری ئەمەریکا و مەکسیک.

ئێستا سینات بیر لە پاکێجێکی یارمەتی دەرەکی دەکاتەوە کە هاوکارییەکان بە تەواوی لە پرسی سنوورەکان جیا بکاتەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت دواتر ئەمڕۆ یەکشەممە دەنگی لەسەر بدرێت..

پاکێجە 95 ملیار دۆلارییەکە بریتییە لە دابینکردنی هاوکاری بۆ ئیسرائیل و تایوانیش، بەڵام زۆرینەی بەرەو یارمەتیدانی ئۆکرانیا دەڕوات بۆ دووبارە چەکدارکردنەوە لەکاتێکدا پێدەنێتە سێهەم ساڵی جەنگەوە لەو کاتەوەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا فەرمانی لەشکرکێشییەکی تەواو دەرکرد.

کۆشکی سپی بەرپەرچی قسەکانی ترامپی دایەوە و جەخت لەسەر هەوڵەکانی سەرۆک بایدن دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی هاوپەیمانییەکان لە سەرانسەری جیهادا.

ئەندرۆ بەیتس، وتەبێژی کۆشکی سپی شەوی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "هاندانی داگیرکاری لە نزیکترین هاوپەیمانەکانمان لەلایەن ڕژێمە بکوژەکانەوە، شتێکی ترسناکە."

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریدا لەوەی "هەر پێشنیارێک کە هاوپەیمانان بەرگری لە یەکتر نەکەن، هەموو ئاسایشی ئێمە بە ئاسایشی ئەمەریکاشەوە دەشێوێنێت".

هەروەها چارڵز میشێل سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا ئەو لێدوانانەی بە "نابەرپرسیارانە" لەقەڵەمدا و وتی تەنها خزمەت بە بەرژەوەندی پوتین دەکەن."

مارکۆ ڕوبیو سیناتۆری کۆمارییەکان کە پشتگیری لە ترامپ کردووە بۆ بوون بە کاندیدی سەرەکی پارتەکەی بۆ سەرۆکایەتی، ڕۆژی یەکشەممە بەرگری لە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا کرد و وتی "چیرۆکێک دەگێڕێتەوە" سەبارەت بە شتێک کە لە ڕابردوودا ڕوویداوە.

ئەو سیناتۆرەی فلۆریدا بە کەناڵی بەرنامەی دۆخی وڵاتی کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند "ئەو وەک سیاسەتمەدارێکی تەقلیدی قسە ناکات".

ڕوبیۆ وتی "بیرتان دەخەمەوە، دانۆڵد ترامپ سەرۆک بوو و ئێمەی لە ناتۆ دەرنەهێنا. لەڕاستیدا سەربازە ئەمەریکییەکان لە سەرانسەری ناتۆ جێگیر بوون" لە ماوەی خولی سەرۆکایەتییەکەیدا.

لای خۆیەوە ستۆڵتنبێرگ وتی پێشبینی دەکات "هەرکەسێک لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەربکەوێت ئەمەریکا وەک هاوپەیمانێکی بەهێز و پابەندی ناتۆ بمێنێتەوە".

لە گردبوونەوەکەی کارۆلینای باشووردا ترامپ ڕەخنەی لە نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکانیش گرت کە لە ئێستادا بەرهەڵستی سەرەکییەتی بۆ بوون بە کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمارییەکان.

هێلی کاتێک یەکشەممە پرسیاری لەبارەی لێدوانەکانی ترامپ لە ناتۆدا لێکرا، گوتی گوایە ئەو سەرۆکەی پێشووی لایەنگری پوتن دەکات.

هێلی لە بەرنامەی "فەیس دی نەیشن"ی کەناڵی سی بی ئێس گوتی "ئەوەی لەم بابەتەدا نیگەرانم دەکات ئەوەیە، لایەنی ئاژاوەگێڕێک مەگرن کە نەیارەکانی دەکوژێت، لایەنی کەسێک مەگرن کە چووە وڵاتێکی تری داگیر کردووە و بەهۆیەوە نیو ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون".

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG