Accessibility links

ئەمەریکا یەکەم گروپی بەڕێوەبردنی زیرەکی دەستکردی خۆی ڕادەگەیەنێت


بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بایدن لیستی ئەو کۆمپانیا تەکنەلۆژیایانەی بڵاوکردەوە کە بەشداری لە کۆمەڵەی پارێزراویی زیرەکی دەستکرد (AISIC) دا دەکەن، لەوانەش، مایکرۆسافت، مێتا، ئێنڤیدیا و گووگڵ و دەستپێشخەرییەکەی بە یەکەم دەستپێشخەری لەو جۆرە ناوبرد.

وەزیری بازرگانی ئەمەریکا جینا ڕایمۆندۆ لە 8 ی مانگی دوودا دروستکردنی کۆمەڵەی پارێزراویی زیرەکی دەستکردی (AISIC) ڕاگەیاند کە لە لیستێکی گەورەی بەشداربووان لە هەموو جۆرە پیشەسازییە تەکنەلۆژیاییەکان پێکهاتووە. جینا ڕایمۆندۆ وتی مەبەست لەم کارە یەکخستنی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەرانی زیرەکی دەستکرد، ئەکادیمیەکان، توێژەرانی حکومەت و پیشەسازی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی زیرەکییەکی دەستکردی ( AI ) متمانەپێکراو و پارێزراو.

ڕایمۆندۆ وتی " حکومەتی ئەمەریکا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە دانانی ستانداردەکان و پەرەپێدانی ئەو ئامرازانەی کە پێویستن بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و بەکارهێنانی توانای گەورەی زیرەکی دەستکرد."

وتیشی " سەرۆک بایدن فەرمانی پێکردووین هەموو توانایەک بەکاربهێنین بۆ گەیشتن بە دوو ئامانجی سەرەکی، یەکەم دانانی ستانداردی تەندروست و دوویەمیش، پاراستنی سیستمی ژینگەیی داهێنانەکانمان، کۆمەڵەی ناوەندی پارێزراویش بە دیاریکراویی بۆ یارمەتیدانمان لەم دوو بوارەدا دامەزراوە."

کۆمەڵەکە لە ژێر ناوی دامەزراوەی پارێزراویی زیرەکی دەستکردی ئەمەریکادا دادەنرێت، ئەوەش بە پێی فەرمانێکی جێبەجێکاری بایدن کە لە مانگی نۆی ساڵی 2023 دەرچوو، فەرمانەکە بڕگەیەکی بەرفراوانی لەخۆگرتووە و بە پێی فەرمانەکە کۆمەڵەکە سەرنج دەخاتە سەر پەرەپێدانی ڕێنماییەکان بۆ ' ڕێد تیمینگ ' (Red-teaming )، هەڵسەنگاندنی تواناکان، بەڕێوەبردنی مەترسییەکان، پارێزراویی و ئاسایش و واتەر مارککردن یان دەستنیشانکردنی ئەو ناوەڕۆکانەی بە زیرەکی دروستکرد بەرهەم دەهێنرێن.

ڕێد تیمینگ دەستەواژەیەکە لە ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد و ئاماژەیە بۆ ئەو ھاوشێوەکردنانەی کە تێیدا دوژمن بە " ڕێد تیمینگ " ناودەبرێت. لە چوارچێوەی ئێستادا دوژمن بە زیرەکی دەستکرد دادەنرێت کە دەتوانێت کاری خراپی لێبوەشێتەوە. لایەنێکی گرنگی دیکەی فەرمانەکەی جۆو بایدن وەک ئاماژەی پێکرا، بریتییە لە دەستنیشانکردنی ناوەڕۆکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد لە ڕێگەی واتەرمارککردنەوە. ئەندامانی ئەم کۆمەڵەیە ڕێنمایی و ڕێوشوێنەکان دادەڕێژن بۆ دڵنیابوون لەوەی بەکارهێنەران بتوانن بە ئاسانی ناوەڕۆکی دروستکراوی زیرەکی دەستکرد دەستنیشان بکەن. ئەمەش دەتوانێت بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست کەم بکاتەوە.

کۆمەڵەی پارێزراویی زیرەکی دەستکرد لە زیاتر لە 200 کۆمپانیا و ڕێکخراوی ئەندامەوە پێکهاتووە، کە پێشەنگن لە دروستکردن و بەکارهێنانی پێشکەوتووترین سیستم و هاردوێرەکانی زیرەکی دەستکرددا، لەوانەش لە ناوە گەورەکانی پیشەسازیی وەک مایکرۆسۆفت، گووگڵ، مێتا، ئەپڵ، ئەنتراپیک، ئەدۆبی، ئێنڤیدیا، گیت هاب، فرۆنتێر مادێل فۆڕم، هیولێت پاکارد ئینتەرپڕایس، ئای ئێم بی و چەندانی تر.

کۆمەڵەکە تاوەکو ئێستا گەورەترین تیمی تاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنییان هەیە و سەنگ دەخەنە سەر دانانی بناغەیەک بۆ پێوانەیەکی نوێی زانستی لە پارێزراویی زیرەکی دەستکرد. کۆمەڵەکە حکومەتە ناوخۆیی و ویلایەتەکان و قازانج نەویستەکانیش دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ماڵپەڕی وەزارەتی بازرگانی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG