ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە هەوڵەکانی ئازادکردنی بارمتەکان کرد کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە لە غەززە دەستبەسەرکراون، لە کاتێکدا ڕۆژی پێنجشەممە چاوی بە ئەندامانی کابینەی جەنگی بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کەوت.
لە سەرەتای دیدارەکەیدا لەگەڵ بەرپرسانی پێشووی لەشکری بنی گانتز و گابی ئایزنکۆت، بلینکن گوتی سەرنجمان لەسەر"بارمتەکان و ئەو خواستە بەهێزە دەبێت کە هەردوولامان هەمانە بۆ گەڕانەوەیان بۆ ناو خێزانەکانیان و ئەو کارانەی کە بۆ ئەو مەبەستە دەکرێن."
بلینکن وتیشی هەروەها زانیارییە نوێیەکانی ئەو کۆبوونەوانە دەخاتە ڕوو کە لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە کردوونی لە گەشتەکەیدا بۆ سعودیە، میسر، قەتەر و کەناری ڕۆژئاوا.
گانتز بە بلینکی وتووە سەرەکیترین پرس، دۆزینەوەی ڕێگاکانە بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان.
ئەو کۆبوونەوانە لە کاتێکدان کە ئیسرائیل و حەماس تاوتوێی پێشنیارێکی نوێ دەکەن بۆ ئاگربەستێکی کاتیی کە بریتی بێت لە ئازادکردنی بارمتەکانیش لە غەززە.
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند، شاندێکی بزووتنەوەی حەماس بۆ درێژەدان بە دانوستاندنەکان لەگەڵ بەرپرسانی میسر و قەتەر دەچێتە قاهیرە.
بلینکن ڕۆژی چوارشەممە وتی وەڵامی سەرکردەکانی حەماس بۆ پلانێک کە لەلایەن بەرپرسانی ئەمەریکا، میسر، قەتەر و ئیسرائیلەوە داڕێژراوە، ڕەتکردنەوەیەکی پێوە دیارە، بەڵام بوار بۆ دانوستاندنەکان بەردەوامە.
بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو پلانەی ڕەتکردەوە کە حەماس پێشکەشی کردبوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە، لەبری ئەوە بەڵێنی دا هێرشی وڵاتەکەی بۆ سەر چەکدارەکان بەرەو پێشەوە ببات تا ئەو کاتەی "سەرکەوتنی ڕەها" بەدەستدەهێنێت.
نەتانیاهۆ دوای دیدارەکەی لەگەڵ بلینکن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی ئێمە لە ڕێگەی سەرکەوتنێکی ڕەهاداین، هیچ چارەسەرێکی دیکە لە ئارادا نییە. وتی هەوڵەکانی جەنگی ئیسرائیل چەند مانگێکی دەوێت نەک ساڵ.
حەماس لە پێشنیازەکەیدا داوای سێ قۆناغی 45 ڕۆژەی کرد، سەرەتا هەموو ئەو ژن و منداڵانەی کە ماون و هەروەها پیاوانی بەتەمەن و نەخۆش ئازاد بکرێن، لە بەرامبەردا ژمارەیەکی دیارینەکراوی زیندانیانی فەلەستینی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستبەسەر کراون ئازاد بکرێن.
حەماس لە پلانەکەیدا داوا دەکات ئیسرائیل لە ناوچە دانیشتووەکان بکشێتەوە و کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکانی بهێنێت لە هەمانکاتدا ڕێگە بە یارمەتییە مرۆییەکانی زۆر زیاتر دەدات بچنە ناو غەززە و ڕێگە بە فەلەستینییەکان دەدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان، لەنێویاندا لە باکووری غەززەی وێرانکراو.
قۆناغی دووهەم کە لە قۆناغی یەکەمدا دانوستانی لەسەر دەکرێت، ئازادکردنی سەرجەم ئەو بارمتەنەیە کە دەمێننەوە کە زۆربەیان سەربازن، لە بەرامبەردا هەموو دەستگیرکراوانی فەلەستینی سەروو تەمەنی 50 ساڵ، لەنێویاندا چەکدارە باڵاکان، لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد بکرێن.
ئیسرائیل 1500 زیندانی دیکە ئازاد دەکات کە 500یان لەلایەن حەماسەوە دیاری دەکرێن و کشانەوەی خۆی لە غەززە تەواو دەکات.
لە قۆناغی سێهەدا لایەنەکان تەواوی بارمتەکان و زیندانییەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن. ئیسرائیل دەڵێت پێیان وایە زیاتر لە دوو دەرزەن کەس لەو 130 بارمتەیەی کە لە غەززە ماونەتەوە، پێشتر گیانیان لەدەستداوە یان کوژراون.
بلینکن لە پێنجهەمین خولی دانوستانەکانیدایە لەگەڵ سەرکردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەوڵێکی تا ئێستا بێ ئەنجامدا بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی کە بە هێرشەکەی 7ی مانگی دەی 2023 ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس. بەرپرسانی تەندروستی حەماس لە غەززە دەڵێن، هێرشەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 27 هەزار و 500 کەسی کوشتووە و نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینی لە غەززە لە ماڵەکانیان ئاوارە کردووە.
بلینکن ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان لە ڕامەڵڵا و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەوان ناتانیاهۆ و یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتووێژی ئەنجامدا.
بلینکن پشتگیری ئەمەریکای بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دووپاتکردەوە وەک باشترین ڕێگە بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام بۆ ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییەکان شان بەشانی یەکتر، و یەکگرتنی زیاتر بۆ ناوچەکە. بەگوێرەی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بلینکن هەروەها جەختی لە پێویستی بەپەلەی کەمکردنەوەی گرژییەکانی کەناری ڕۆژئاوا و ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان کردووەتەوە.