Accessibility links

پرسی بڕیاری سزادانی ئەو مامۆستایانەی بایکۆت دەکەن


لەسەر بنەمای نووسراوێکی نووسینگەی وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە سنووری بایکۆتکردنی خوێندن، بڕیاریان داوە بۆ لەمەودوا هەر مامۆستایەک بایکۆت بکات ئەگەر مامۆستاکە میلاک بێت لە 30 ڕۆژدا نەگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەی ئەوا دەردەکرێت، ئەگەر مامۆستاکەش وانەبێژ بێت یەک هەفتە بایکۆت بکات ئەوا لادەدرێت. ئەم بڕیارە ناڕەزایی توندی زۆرێک لە مامۆستایانی لێکەوتەوە، بەشێک لەو مامۆستایانە هەتا ئەم ساتەش نەگەڕاونەتەوە سەر کار و بەردەوامن لە بایکۆتکردن بەهۆی پێنەدانی موچە و ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی پیشەییان. بەشێک لە بەڕێوەبەرەکان ئامادەنەبوون ناوی نەهاتووی مامۆستایان وەربگرن، بەو هۆیەوە بە لایەنی کەم دوو لەو بەڕێوەبەرانە لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە.

دەپرسین:

هەتا چەند بڕیارەکە یاساییە؟

بۆچی بەشێک لە مامۆستایان بڕیارەکەیان ڕەتکردەوە؟

ئایە مامۆستایان دەتوانن لە ڕووی یاساییەوە تانە لە بریاری دەرکردنیان بدەن و پەنا بۆ دادگا بەرن؟

لە کاتێکدا وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بەپێی یاسا بڕیاری سزای مامۆستایان دەدەن، ئایە مامۆستایانیش دەتوانن بەپێی یاسا سکاڵا لەسەر هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەندی تۆماربکەن لەسەر نەدانی موچەکانیان؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی پرسی غیابدانی مامۆستایان و لێکەوتەکانی دەکەین بە میوانداری بەڕێزان:

١-مامۆستا فەهمی حەمە تۆفیق، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.

٢-مامۆستا عەبدولواحید محەمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

٣-مامۆستا سۆران ڕەسوڵ، یەکێک لە بەڕێوەبەرە بەخشراوەکان.

٤-مامۆستا دەریا محەمەد، یاساناس.

please wait

No media source currently available

0:00 0:58:34 0:00

مامۆستا فەهمی حەمە تۆفیق:

کاتێک دەیان هەزار مامۆستا و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەر بایکۆت دەکەن، بۆ سەرەتاییترین مافی خۆیان کە لە هیچ وڵاتێک شتی وانەبووە، کاتێک نیوەی ناوەندەکانی خوێندن نەکراونەتەوە دەبێت دەسەڵات هەڵوەستە لەسەر ئەمە بکات نەک بڕیاری سزادانی مامۆستایان دەربکات، بەدڵنیاییەوە سنورەکانی هەولێر و دهۆکیش ناڕەزایی زۆری تێدایە، بەڵام هەمووان دەزانین ڕاستییەکە چۆنە، من وەکو سەرپەرشتیارێکی پەروەردە کاتێک سەردانی ناوەندێکی خوێندن دەکەم لەحاڵەتی نۆرماڵدا دەبێت لە دەرگاکەیەوە تا ناو پۆلەکان چاودێری بکەم، بەڵام لەئێستادا کە بایکۆت کراوە بۆتە جەماعی من ناتوانم داوای لیستی نەهاتووانی مامۆستایان بکەم ئەمە یەک ناوەند و دووان نیە، بەڵێ بە ئێمە وتراوە کە مامۆستای میلاک 30 ڕۆژ دەوامی نەکرد، وە هی وانەبێژ حەوت ڕۆژ ئەوا دەبێت فەسڵ بکرێت، ئەوا من دڵنیاتان دەکەمەوە ئەم بڕیارە (غیابدانی مامۆستایانی بایکۆتکار) قەیرانێکی زۆر گەورەتر لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەو واتایەی دەبێت ژمارەیەکی وا زۆر مامۆستا فەسڵ بکرێن؟! قوتابخانە هەیە لە 100%بایکۆتیان کردووە، هەیانە لە 50% ئاخر ئەمە چۆن دەبێت هەموو ئەوانە بەیەکەوە فەسڵ بکرێن؟! دواتر چۆن چارەسەر دەکەن؟! ناوەندی خوێندن لە سلێمانی هەیە کراوەتەوە. بەڵام بە نیوە چڵی یا زیاتریش، وە غەیری ناو شاری سلێمانی قوتابخانەکانی دەرەوەی شار دەتوانم بڵێم لە 95% یان هێشتا نەکراونەتەوە.

ئەوەش ناشارمەوە لەبەرئەوەی لە 80%ی بەڕێوەبەرەکان حزبین بۆیە دەکەونە ژێر فشار بۆ غیابدانی مامۆستا، ئەوەتا مامۆستا سۆران بێ ئاگاداری خۆی لە پۆستەکەی بەخشراوە، کە ئەمە بەڕاستی شەرەفێکی گەورەیە کە لەسەر مافی مامۆستایان و هاوڕێکانی سزادراوە، کە لە بەڕێوەبەرێتی بەخشراوە، بۆیە من پیرۆزبایی لە مامۆستا سۆران دەکەم نەک نیگەران بم ئەوە شەرەفێکی گەورەییە بۆی.

مامۆستا سۆران ڕەسوڵ:

وەزارەتی پەروەردە بەتایبەت لە ماوەی ئەم دە ساڵەدا وەزارەتێکی کەنارگیر خراوە، شکۆ و کەسایەتی مامۆستایانی لە کەدار کردوووە، بەوهۆیەوە شکۆی مامۆستایان لەمەترسیدایە، ئەوەی بەرامبەر من لە دوورخستنەوەمان لە پۆستەکەمان کرا لەبەرامبەر داواکردنی سەرەتاییترین مافی خۆمان بوو، من لەبەرامبەر پشتیوانی لە داواکاری مامۆستایان، وەک ئەوەی بەڵێنمان دابوو بە ڕوونی و ئاشکرایی کە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە بڕیاری وەرگرتنی ناوی مامۆستایانی نەهاتووی دا بەهۆی بایکۆتەوە ئەوا من وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پابەند نابم چونکە دواجار ئێمە وەک ناوەندەکانی خوێندن یەک پاکێج و دەستەین، نەک ببینە دووبەش، دواجار کێشە و و داواکاری مامۆستایانی بایکۆت هەمان کێشە و داواکاری ئێمەیە وەک ستافی بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکان،هەر لەبەر ئەوە بێ هیچ ئاگادار کردنەوەیەکی خۆم فرمانی بەخشین لە پۆستەکەمیان دەرکرد و بۆیان ناردبووم.

ئینجا بڕیاردان بۆ وەرگرتنی ناوی مامۆستایانی نەهاتوو دەبێتە هۆی دروستبوونی دووبەرەکی لەنێوان ستافی مامۆستایان کە ئەمە دوورە لە بنەمای پەروەردە، پێکدادانێکی کۆمەڵایەتی لەناو ناوەندەکانی خوێندن دروست دەکات، هەر بەڕێوەبەرێک ئەو هەنگاوەی نابێ بۆ غیابدان و سزادانی مامۆستایانی قوتابخانەکەی خۆی دەبێت سبەینێ تەحەمولی ئەوە بکات کە ئەو پردەی لەنێوان خۆی و ستافی قوتابخانەکەی دروستی کردووە بەڕاستی ئەو پردە تێکبچێت زۆر بەشێوازێکی زەحمەت ئەو پردە دروست ببێتەوە، بەداخەوە دوای لادانی من بەڕێوەبەرێکییان هێناوە نەک لە دەرەوەی قوتابخانەکە تەنانەت لە دەرەوەی سنورەکەشمان بەبێ پرس و ڕاوەرگرتنی مامۆستایان دایانناوە.

لەو ڕۆژەوەی لەسەر غیابنەدانی مامۆستایانی بایکۆتکار لە پۆستی بەڕێوەبەر دورخراومەتەوە، واهەست دەکەم وەزارەتی پەروەردە تاجێکی زێڕینی لەسەر سەرم دانابێ، چونکە ئێمە لەسەر هەڵوێستەکانمان دورخراوینەتەوە و سزایان داین، ئەوە پەیامێکە بۆ بەڕێوەبەرەکانی تر کە کورسی و هیچ پلە و پایەیەک ئەوە ناهێنێ کە دڵی ستاف و هاوپیشە و هاوڕێکانی لەسەر عاجز بکەی و ئەگەر ئەمڕۆ هاوپیشە و هاوڕێکەت سزا بدەی سبەی چۆن لە ڕووت دێت داوای جێبەجێکردنی ئەرکی لێبکەی؟! وە پەیامێکی هۆشیاریشە بۆ کۆمەڵگا لەسەر بەدەنگهاتنیان بۆ مافەکانی خۆیان.

تائێستا هیچ لایەنێک بەتایبەت یەکێتی مامۆستایان کەدەبێت لەسەر مافی مامۆستایان بێتە دەنگ، بەداخەوە لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر مامۆستایان دەکرێن بەدەنگ نایەت و ڕێکخراوێکی نوستووە و تائێستا لەسەر بەخشینی من لەپۆستەکەم نەهاتونەتە دەنگ، من چاوەڕێ دەکەم بۆ ڕۆژانی داهاتوو هەنگاوی یاسایی لەداهاتوو دەگرمە بەر لەبەرامبەر پێشێلکردنی مافەکانمان.

مامۆستا دەریا محەمەد

ئەو دۆخە لە هەر وڵاتێک بووایە سەرۆک وەزیران دەستی لەکاردەکێشایەوە، لە یۆنان لەساڵێکدا ١٣ سەرۆک وەزیران دەستیان لەکارکێشایەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە، کەچی سەرەڕای ئەو هەموو قەیرانە دەبینین لە هەرێمی کوردستان ٣٠ ساڵە یەک، بۆ دوو کەس سەرۆک حکومەتە و کەسیش ئامادە نیە دەسلەکاربکێشێتەوە، ئەو بڕیارەی دراوە بۆ سزادانی مامۆستایانی بایکۆتکار، بڕیارێکی پوچەڵە و هیچ مەرجێکی یاسایی تێدانیە، چونکە بڕیاری ئیداری دەبێت بڕیارێک بێت کە دروست (سەحیح)بێ وە ڕوکنەکانی بڕیاری ئیداری کە خۆی دەبینێتەوە لە (ئیختساس، شەکل،غایە، مەحەل) ئەو ڕوکنانە لەو بڕیارەی سزادانی مامۆستایان نیە، بەداخەوە لەبەرئەوەی ئێمە لە کوردستان دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ نیە، ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ بێت ئەو بڕیارەی وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە بۆ سزادانی مامۆستایان لەسەر غیابدانیان ئەگەر لەبەردەم دادگای ئیداری تانە لەو بڕیارە بدرێت ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئێمە سیستمی دادوەریەکەشمان سەربەخۆ نیە، وەزیر دەسەڵاتی ئەو بڕیارەی نیە و هیچ شوێنەوارێکی یاسایی لێناکەوێتەوە، بڕیارەکە عەیبدار و پوچەڵە، چونکە موچە مافی مامۆستایانە، وە حاڵەتەکەش گشتگیرە یەک مامۆستا نیە وە موچە سەرەتایترین مافی خۆیەتی بۆیە کاتێک ئەو سەرەتایترین مافی خۆی کە موچەیە پێنادرێت مامۆستا و فەرمانبەریش مافی خۆیەتی کە دەوام نەکات.

چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوە و کارنەکردن بەو بڕیارە، مامۆستایان دەتوانن ئەو بڕیارە لەبەردەم دادگای دادوەری فەرمانبەران کە دادگایەکە لەناو دادگای ئیداری لەوێ تانە لە بڕیارەکە بەدەن و دواتر دادگا دادەنیشێت و هەردوولا (لایەنی بڕیاردەری بڕیارەکە و لایەنی مامۆستایان) بانگ دەکات و ئەوکات دەبێت دادگا بڕیاری پوچەڵ کردنەوەی بڕیارەکە بدات، بەڵام بەداخەوە لە وڵاتێک نین کە دادگا سەربەخۆ بێت بۆیە تانەش بدرێت بڕواناکەم ئەنجامی هەبێت

وەکو بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چەندین هەوڵماندا بۆ ئەوەی لایەنی وەزارەتی پەروەردە و یەکێک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی ئامادەبێت بۆ ئەمەش پەیوەندیمان کرد بە چەندین بەرپرسەوە ، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بوون.

هەروەها وابڕیاربوو لەم بەرنامەیە مامۆستا عەبدولواحید محەمەد جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان ئامادەبێت، بەڵام لەکاتی دەستپێکردنی بەرنامەکەدا وتی، کێشەی تەکنیکی بۆ دروستبووە و ناتوانێت بەشدار بێت.

XS
SM
MD
LG