ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای ڕووسیا کۆبوونەوەیەکی بۆ پێداچوونەوە بە هێرشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق و سوریا بەڕێوەبرد و لە دانیشتنەکەی ئەو ئەنجومەنەدا، نوێنەری ئەمەریکا وەڵامدانەوەی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ هێرشی گروپەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکانی لەناوچەکەدا بە یاسایی ناوبرد و گوتی هێرشەکان بەردەوام دەبن.
ڕووسیا لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئێوارەی دووشەممە، 5ی مانگی دوو بەڕێوەچوو، واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە ویستویەتی هەژموونی جیهانی خۆی بپارێزێت و لە چەند مانگی پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، پێگەی جۆو بایدن بەرز بکاتەوە.
ڤاسیلی نەبێنزیا، نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەریکای تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و "چاندنی تۆوی ئاژاوە و وێرانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی توندوتیژییان لە ناوچەکانی فەلەستینەوە بۆ لوبنان و دەریای سوور و یەمەن بڵاوکردۆتەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پووچەڵ کردووەتەوە. پاشان باڵیۆزی ڕووسیا داوای لە هەموو وڵاتان کرد بە بێ دوو دڵی سەرکۆنەی ئەو کارانە بکەن کە "سەروەری عێراق و سوریا پێشێل دەکەن".
لە وەڵامی بانگەشەکانی نوێنەری ڕووسیا، ڕابێرت وود، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانگەشەکانی ڕووسیای سەبارەت بە هێرشی ئەمەریکا بۆ سەر هێزە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق و سوریا ڕەتکردەوە و گوتی "ئەو هێرشانە پێویست و گونجاو بوون و لەسەر بنەمای یاسای بەرگریکردن لە خۆ ئەنجامدراون."
نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە 2ی مانگی دوو بە فەرمانی جۆو بایدن، ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر هێزە بە وەکالەتەکانی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراق و ئەو ئۆپەراسیۆنەش، پێویست و گونجاو وبە پێی مادەی 51ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامدراوە کە جەخت لە مافی بەرگریکردن لەخۆ دەکات.
جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە کەمتر لە هەفتەیەک لەمەوبەر، لە هێرشەکانی 28ی مانگی یەکدا بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە ئوردن و نزیک سنووری سوریا، 3 سەربازی ئەمەریکایی کوژران و نزیکەی 40 سەربازی دیکەش بریندار بوون وگوتی "ئەمە هێرشێکی ترسناک بوون کە جێگای قبوڵ کردن نییە و ناتوانرێت بەردەوام بێت".
ڕابێرت وود جەختی لەوە کردەوە کە ئەمەریکا نایەوێت ململانێکان لە ناوچەکەدا پەرەبستێنێت و چالاکانە کاردەکات بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەڕی غەززە و گوتیشی "ئێمە بەدوای ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێراندا ناگەڕێین، بەڵکو بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان لە بەرامبەر هێرشە قبوڵنەکراوەکاندا."
ئەو بەرپرسە ئەمەریکاییە دواجار ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی لە سنووردارکردنی گروپە بە وەکالەتە توندڕەوەکانی سەرکەوتوو نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی دایەوە کە "هەموو گرووپە خۆڕاگرییەکانی ناوچەکە سەربەخۆن" و "مافی ڕەوای" خۆیانە کە بیانەوێت کۆتایی بە "بوونی نایاسایی ئەمەریکا" لە عێراق و سووریا بهێنن.
ئەمیر سەعید ئیروانی گوتی "هەر هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کارانە بۆ ئێران یان هێزە چەکدارەکانی، چەواشەکارانە و بێ بنەمان و قبوڵ ناکرێت."
هەروەها باربارا وودوورد، نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند وڵاتەکەی "پشتیوانی تەواو" لە هەموو هەوڵەکان دەکات بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەنێویاندا لە عێراق و سوریا و پابەندە بە کەمکردنەوەی ئاستی پەرەسەندنی گرژییەکان لەو ناوچەکەدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەریتانیا بە تەواوی پشتگیری لە هێرشەکانی ئەمەریکا لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لەخۆی دەکات و گوتی ئەمەریکا مافی ئەوەی هەیە وەڵامی هێرشەکانی سەر سەرباز و بنکەکانی بداتەوە.
نوێنەرەکانی عێراق و سوریاش لە دانیشتنەکەدا هەڵوێستی پێشووی حکومەتەکەیان دووپات کردەوە و هێرشەکانی ئەمەریکایان بە پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی خۆیان ناوبرد و گوتیان بەهۆی هێرشەکانەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون.