سوپای ئەمەریکا 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکان دەخاتەخوارەوە

فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا( CENTCOM) ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە ڕۆژی هەینی توانیویانە 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن حوسییەکانی یەمەنەوە لە کەنداوی عەدەن و دەریای سوورەوە هەڵدراون، بخاتە خوارەوە و لەناویان ببات. بە پێی ڕاپۆرتێکی سێنتکام، کەشتییە لەناوبەرەکانی ئەمەریکا کارنی و لابۆن، بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە، هەڕەشەی هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسییەکانیان کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان لێدەکات، لەناوبردووە.

سوپای ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکەش لەناو خاکی چەکدارانی حوسییەکان لە یەمەن لەناوچوون، ئەمەش لە کاتی هەڵدانیان بۆ ئاسمان کە دەیتوانی مەترسییەکی دەستبەجێ بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەمەریکا دروست بکەن.

لە مانگی ڕابردووەوە ئەمەریکا، بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانی بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی حوسییەکان کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و بە ئامانجی نەهێشتنی هەڕەشەی سەر کەشتیوانی ئازاد لە یەمەن لە ئاوەکانی بابولمەندەب و دەریای سوور، ئامانجەکانی سەر بە حوسییەکانیان لە یەمەن بۆردومان کردووە.

دوایین بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حوسییەکان هاوکات بووە لەگەڵ هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئەمەریکا بۆ سەر پێگەکانی سوپای قودسی سوپای پاسداران و گروپەکانی دیکە کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن لە عێراق و سوریا.

سێنتکۆم ڕایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٣ی شوبات، هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بە چەندین فڕۆکە 85 ئامانجیان لە حەوت شوێنی عێراق و سوریا پێکاندووە، لەنێویاندا فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دوور مەودا.

جەنەڕاڵ مایکل کۆریلا، سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، سوپای قودسی سوپای پاسداران و گروپە سەر بە سوپای پاسدارانی بە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و ئاسایشی ئەمریکییەکان ناوبرد.

XS
SM
MD
LG