Accessibility links

لە ململانێکانی بەلوچستانی پاکستان، 24 چەکدار دەکوژرێن


سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی هەینی، 2ی مانگی دوو ڕایگەیاند لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا 24 چەکداری لە ویلایەتی بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کوشتووە.

هێرشەکانی سوپای پاکستان لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە هەڵبژاردنەکانی نیشتمانی ئەو وڵاتە بڕیارە لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا بەڕێوەبچێت. سوپای پاکستان لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو هێرشانەدا چوار بەرپرسی حکومەتی پاکستان و دوو هاووڵاتی مەدەنیش کوژراون.

توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی چەکدارەکان لە ناوچە سنوورییەکانی پاکستان، بەرپرسان و هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتەی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەکی بەرزەوە، ئەمەش پێش هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت. سوپای پاکستان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە چەکدارەکان چەند هێرشێکیان لە ویلایەتی بەلوچستان ئەنجامداوە.

سوپای ڕزگاریخوازی بەلووچ کە دیارترین گرووپی جوداخوازی ویلایەتی بەلوچستانە، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕاگەیاندووە. ئامانجی ئەم گرووپە گەیشتن بە سەربەخۆیی بەلوچستانی شاخاوییە کە دەوڵەمەندە بە کانزاکان.

ئەو گرووپە چەکدارانەی کە ئیسلام ئاباد دەڵێت هێرشیان کردووەتە سەریان، دەیان ساڵە شەڕی حکومەتی پاکستان دەکەن و ئامانجی جۆراوجۆریان لە بەلوچستان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا هاووڵاتیانی چینی کە لەو ناوچەیە چەندین پڕۆژە بەڕێوەدەبەن.

بەلوچستان لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەترین پارێزگای پاکستانە، بەڵام لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە بچووکترین پارێزگای پاکستانە و ساڵانێکە شەڕی چەکداری تێیدا بەردەوامە.

بەلوچستان لە باکوورەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان و لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ ئێران دراوسێیە و کەنار دەریایەکی درێژی لەسەر دەریای عەرەبی هەیە و هەروەها گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی پاکستان دەکەوێتە ئەو ناوچەیەوە. هەروەها خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی کانزاکانە، لەوانە زێڕ، کە لەم ساڵانەی دواییدا بەرهەمهێنانی زیادی کردووە.

ویلایەتی بەلوچستان هەروەها شوێنێکی سەرەکییە لە ڕێڕەوی گەورەی چەند ملیار دۆلاری چین-پاکستان و بەشێکە لە دەستپێشخەرییە گەورەکانی ژێرخانی 'پشتێن و ڕێگای پەکین' لە ناوچەکەدا.

سەرچاوە/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG