Accessibility links

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: کاتی هاتووە هەرێمی کوردستان هەنگاو بەرەو خۆژیاندن بنێت


د.بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق
د.بەشیر حەداد جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بێهیوایی خۆی بەرامبەر بە خاوی گتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەردەبڕێت، وە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە کە هەرێمی کوردستان دەستبکات بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و زیادکردنی باج لەسەر سەرمایەداران و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی بەڕێوەبردنی بۆ ئەوەی بەرەوە خۆژیاندنی ئابووری هەنگاوبنێت.

دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "عێراق بە زەحمەت پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، دەبێت هەرێم ئەگەری ئەوە دابنێت پارەی لە بەغداوە بۆ نەیەت یاخود بۆ 6 مانگ هیچ پارەیەکی بۆ ڕەوانە نەکرێت. دەبێت هەرێم بیر لە خۆ ژیاندن بکاتەوە گەر بە کەمیش بێت و وابکات داهاتەکانی بەشی بکات."

ئەو وتیشی، "دەبێت ڕاشکاوانە ئەو سەرمایەدار و بەرپرس و وەبەرهێنەرانە دەستنیشان بکرێن و بەشێک لەو سامانانەی لە سایەی حکومەتی هەرێم کۆیان کردووەتەوە بیخەنە خەزێنەی حکومەتەوە، تا حکومەت بتوانێت بۆ ماوەی چەند مانگێک کاروبارەکانی ڕاپەڕێنێت."

لە ڕۆژی 14ی مانگی 1 ی 2024، نێچێرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و حزب و لایەنەکاندا گفتووگۆیکرد. دواتر ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی 618 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە ڕەوانەی هەرێم نەکراوە.

دکتۆر بەشیر حەداد دەڵێت، "بەڕاستی من نائومێدم. تا حکومەتی عێراق لەژێر هەژموونی ئێراندا بێت، دۆخی هەرێم لەمە باشتر نابێت. دۆسیەی عێراق و هەرێم لە ئەولەویەتی کارەکانی ئەمەریکاشدا نییە و سەرقاڵە بە شەڕی غەزە و ئیسرائیل، ئۆکرانیا و ڕوسیا و چین و تایوان."

هەروەها وتیشی، "دەبێت کورد خەمێک لە خۆی بخوات، ناکۆکی لایەنەکان وەلاوە بنرێت و ڕیزەکانی یەکبخاتەوە، پاشان هەوڵبدرێت داهاتی ناوخۆ بەڕاستی و دروستی بخرێتە خەزێنەی گشتییەوە."

لە مانگی 3 ی ساڵی 2023وەو لە دوای بڕیارەکەی ژووری پاریسی دادگای ناوبژیوانی کە بووە هۆی ڕاگرتنی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم، هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی قوڵتر بووەتەوە، بەو پێیەی نەوت نافرۆشێت و بەغداش بە ئاسانی پارەی پێنادات.

KRG Oil
KRG Oil

لە ڕۆژی 14 ی مانگی 9ی ساڵی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری لەگەڵ شاندێکی باڵای هەرێم دا خۆیان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ زۆربەی لایەنە عێراقییەکاندا کۆبوونەوە. ئەنجامی سەردانەکەشیان ڕەزامەندی حکومەتی عێراقی بۆ ناردنی تەنها سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بەقەرز بۆ هەرێم لێکەوتەوە.

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیوایە، نەدانی موچە لەلایەن بەغداوە بەشێکە لەو فشارە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییانەی خراونەتە سەر هەرێم، دەیانەوێت لەمڕێگەیەوە هەرێم بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و پابەندی بکەن بەو بڕیارو سیاسەتانەی خۆیان دەیانەوێت.

دکتۆر بەشیر حەداد وتیشی، "هەرێم پێویستی بە شەفافیەت و خێراتر کردنی ئەو بڕیارەی حکومەتە بۆ چاکسازی کە لەپەرلەمانی کوردستان دەنگی لەسەر دراوە. دەبێت حکومەتی هەرێم لەهەموو بوارەکاندا خەرجییەکانی کەمبکاتەوە و پشت بە داهاتی ناوخۆ ببەستێت."

لە مانگی 10 ی ساڵی 2023ەوەو لەوکاتەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە، شاری هەولێر کەوتووەتە بەر هێرشی میلیشیا شیعەکان کە خۆیان بە "بەرەی موقاوەمە" دەناسێنن، بە بیانووی بوونی بنکەی سەربازی ئەمەریکا لەو شارە.

شەوی 15 ی مانگی 1 ی 2024، هێرشەکانی سەر هەولێر چوونە قۆناغێکی پێشکەوتوو ترەوە، کاتێک ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی سەر هەولێر ڕاگەیاند، کە بووە هۆی کوژرانی سەرمایەدرێکی دیاری هەولێر و کچە کۆرپەلەکەی و دوو کەسی تر.

دکتۆر بەشیر حەداد دەڵێت، "ئێران دەیەوێت وەکو هێزێکی کاریگەری ناوچەکە دەربکەوێت، وەکچۆن کاریگەری لەیەمەن و سوریاو لوبنان و عێراق هەیە، دەیەوێت لە هەرێمی کوردستانیش باڵادەست بێت. ئێران لە هەرێم کاریگەری هەیە بەڵام کاریگەرییەکانی لە زۆنی زەرد بەدڵ نییە، بۆیە فشار دەخاتە سەر هەرێم و دەیەوێت هەرێم ببێتە بەشێک لە سیاسەتەکانی و پاشکۆی بێت."

دەشڵێت، "ئەو وڵاتە ئیقلیمییانەی کوردیان تێدایە، ڕەنگە ترسیان هەبێت لەوەی پێشکەوتن و ئاوەدانی هەرێم ببێتە کێشە بۆیان و کوردەکانی ئەوانیش داوابکەن. عێراقیش ئاوەدانی و پێشکەوتنی هەرێمی پێ قەبوڵ نییە و پێشبینی نەدەکرد هەرێم بتوانێت لەڕووی پەیوەندی نێودەوڵەتی و مەسەلەی کارگێڕی و ئابوورییەوە سەرکەوتووبێت."

دکتۆر بەشیر حەداد جەختیکردەوە، "لایەنە عێراقییەکان لەمەسەلەی فیدراڵییەت پاشگەزبوونەتەوە و عێراقی فیدراڵییان پێ هەزم ناکرێت. ئەوان دەترسن پارێزگاکانی تریش داوای هەرێم بکەن."

XS
SM
MD
LG