Accessibility links

محەمەدی حاجی مەحمود: کێشەی کورد لە پرسی مووچە گەورەترە و ناچێتە دواوە


محەمەدی حاجی مەحمود
محەمەدی حاجی مەحمود

محەمەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بۆ دەنگی ئەمەریکا تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی تایبەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ و ئاڵنگارییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت خراپی دۆخی ئابووری و هێرشەکانی ئەم دوایەی سەر هەولێر.

محەمەدی حاجی مەحموود بێزاری خۆی بەرامبەر بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی ناوخۆ دەربڕی و ڕایگەیاند ڕەنگە دوو ئیدارەیی زیاتر لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت، چونکە "حزبە سیاسیەکان لە دژی یەکتر زیاتر خزمەتی خەڵکیان دەکرد."

ئەو وتی، "هیوادارم هەرێم نەبێتە دوو ئیدارەیی، هەرچەندە لە ڕاستیدا دوو ئیدارەیییە. من پێم وایە ئەگەر دوو ئیدارەیی بوایە هەندێک لە کێشەکانی خەڵک کە دروستەبێت ڕەنگە لە دژی یەکتری چارەسەریان بکردایە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە جێگەی داخە."

حکومەتی هەرێمی کوردستان 4 مانگە نەیتوانیوە مووچەی کارمەندانی و مووچەخۆرانی دابینبکات. بەو هۆیەوە کاریگەری زۆر لەسەر ئاستی دارایی هاوڵاتیان دروستبووە و مامۆستایانی "زۆنی سەوز" زیاتر لە 4 مانگە بایکۆتی قوتابخانە حکومییەکانیان کردووە.

حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی پێدانی مووچە دەخاتە سەر حکومەتی عێراق و فەرمانبەرانیش حکومەتی هەرێم بە نەدانی مووچەکانیان تۆمەتبار دەکەن.

لە دوایین لێدوانیدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بەغدای بەوە تۆمەتبارکرد "گێچەڵ" دەکات بە پرسی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

محەمەدی حاجی مەحموود نیگەرانە لە هەڵوێستی ئەمەریکا لەمەڕ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دەڵێت، "ئەمەریکا لە دۆخی مووچەخۆران بەرپرسە، چونکە دەستورێک کە ئەو خۆی دایناوە ئێستا جێبەجێ ناکرێت."

وتیشی،" ئەمەریکا هەوڵی دا دەستورێک بۆ عێراق بنوسرێت، ئەمەریکا هەوڵی دا لە هەرێم و عێراق حکومەتێک دابمەزرێ، بۆیە پێم وایە ئەمەریکا بەرپرسە لەوەی مووچە نادرێت، چونکە ئەو دەستورەی کە خۆیان و بریمەر دایاننا ...کورد دەبێت گلەییەکانی لە ئەمەریکا بێت، کە ئەم دۆخەی بەجێهێشتووە، لە دەستوردا جیاوازی نێوان پارێزگاکانی عێراق و کوردستان نابێت هەبێت. یوئێنی ئیشی چییە؟ ئەوانیش بەرپرسیارن."

بەرپرسانی ئەمەریکا لە لێدوانەکانیاندا هەمیشە جەخت لە پێویستی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەنەوە بە شێوەی دایەلۆگ. لە هەمانکاتدا، بەرپرسانی ئەمەریکا و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار بە ئاشکرا بێزاری خۆیان دەربڕیوە بەرامبەر بە بەربەستەکانی بەردەم یەکگرتنەوەی هێزی یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2018وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان.

سەرەتای ساڵی 2021، هاوپەیمانان نزیکی دوو مانگ ئەو 20 ملیۆن دۆلارەیان نەنارد و دوایانخست. ئەو کات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ نیگەرانی ئەمەریکا لە خاوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و باڵادەستی حزبی یەکێتی و پارتی لە ناو هێزەکەدا.

سەرەڕای خراپی دۆخی دارایی و ئیداری لە هەرێمی کوردستان، هێرشەکانی 15ی ئەم مانگەی ئێرانیش بۆ سەر هەولێر و هێرشەکانی گروپە شیعەکان بۆسەر هێزەکانی هاوپەیمانان ناسەقامگیری ئاسایشی لە هەرێم دروستکردووە.

بە بڕوای محەمەدی حاجی مەحموود هێشتا هاوپەیمانان پاڵپشتییەکی باشن بۆ هەرێم.

محەمەدی حاجی مەحموود ڕایگەیاند، "هاوپەیمانان تا ئێستاش مانگانە ... مەشق و ڕاهێنان بە پێشمەرگە ئەکەن، پێم وانییە پەیوەندیەکان لەگڵ هەرێم خراپ بێت، بەڵام ڕووداوە گەورەکان وایکردوە کورد پەراوێز بخرێت، هەرچەندە کورد قەزیەکەی گەورەیەو ناگەڕێتەوە دۆخی دواتر."

وتیشی، "کێشەکانی ناوخۆی هەرێم و هەواڵی هەڵە وایکرد هەرێم بۆردومان بکرێت لەلایەن ئێرانەوە و عێراقیش کاریگەری هەیە. بە دڵنیاییەوە ئێرانیەکان بەهەڵەی نازانن کە هێرشیان کردوە."

سەرەرای کێشەکان لە هەرێم و خراپی دۆخەکە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی کێشەی کورد لە پرسی دارایی گەورەترە و وتی، " کورد قەزیەیەکی گەورەی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە بودجە و مووچە گەورەترە."

وتیشی، "کونسوڵی ئەمەریکام بینی، پێم وت بۆ توانیتان بۆ تەیموری بچووک لە ئەندەنوسیا دەوڵەت دروست بکەن، بۆ توانیتان بۆ باشوری سودان و مۆنتنێگرۆ دەوڵەت دروست بکەن و بۆ نەتان توانی بۆ کورد و فەلەستین دەوڵەتێک دروست بکەن؟"

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:56 0:00

XS
SM
MD
LG