Accessibility links

بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی 4 گەنجی کورد مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە دەچێت


ڕۆژی سێشەممە لە بەشێکی زۆر لە شارەکانی کوردستانی ئێران مانگرتنی گشتی بەڕێوەچوو وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانی 4 گەنجی کورد، کە بەرەبەیانی دووشەممە لە زیندانی قزلحەساری شاری کەرەج لەسێدرادران.
بە پێی ڕێکخراوەکانی کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن مانگرتنی گشتی کاسبکاران لە شارەکانی مەریوان، دیواندەرا، مهاباد، دێگەڵان، کرماشان، بۆکان، سەقز و سنە بەڕێوە چووە.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هاوکاتی بەڕێوەچوونی مانگرتنەکە هێڵی تەلەفۆن و ئەنتەرنێت لە زۆربەی شارەکان لاواز بووە و هێزی ئاسایشی ئێرانیش لە شەقامەکان و شوێنە گشتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدا بووە لە بەشێک لە شارو شارۆچکەکانیش پرسەی ئەو کەسانەی کە لەسێدارە دراون بەڕێوە چووە، سەرەڕای ئەوەی کە حکومەت تەرمی ئەو چوار کەسەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکردووە کە لەسێدارە دراون.

ڕۆژی دووشەممە موحسن مەزڵووم، خەڵکی شاری مهاباد، پژمان فاتیحی، خەڵکی شاری کامێران، وەفا ئازەربار، خەڵکی شاری بۆکان و محەمەد فەرامەرز خەڵکی دێوڵان لە زیندانی قزلحیساری شاری کەرەج لەسێدارە دران. هەر چوار کەسەکە تەمەنیان لە 30 ساڵان کەمتربووە.

جێبەجێکردنی ئەم سزایە لەلایەن ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و وڵاتانەوە شەرمەزار کرا لەناویاندا لەلایەن وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاشەوە. ئۆفیسی نوێنەری تایبەتی ئێران ڕایگەیاند " ئێمە بە توندی سەرکۆنەی لەسێدارەدانی چوار پیاوی کورد-ئێرانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دەکەین، دوابەدوای ڕاپۆرتەکان لەسەر ئەشکەنجەدان و دادگاییکردنی نادادپەروەرانەیان. ئەم لەسێدارەدانانە جەخت لەسەر سەرپێچییە ئاشکراکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمەوە دەکەنەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە لە ئێران لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ."

ئەو چوار کەسە لە مانگی هەشتی ساڵی 2023 لەلایەن لقی 26ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی " افساد فی الارض" (بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی) لە ڕێگای هاوکاری و سیخوڕی کردن بۆ ئیسرائیل سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سپێندرا و لە هەفتەی ڕابردوودا ئەم سزایە لەلایەن لقی 9ی دیوانی باڵای وڵاتەکەوە پەسەند کرا.


XS
SM
MD
LG