Accessibility links

کۆڵبەرێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران دەکوژرێت


مەنسوور محەممەد نژاد
مەنسوور محەممەد نژاد

کوڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز، ئێوارەی ڕۆژی شەممە بە گولەی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت مەنسوور محەممەد نژادی تەمەن 45 ساڵ و خەڵکی گوندی جونیانی سەر بە ناوچەی زێویەی شاری سەقز، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی ‌‌هێزە سنوورییەکانی ئێران لە سنووری بەستام کوژراوە.

ڕێکخراوەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایشیگەیاندووە " ئەم کۆڵبەرە لە پشتەوە بە فیشەکی کڵاشینکۆڤ پێکراوە."

هێرشی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کۆڵبەرە کوردەکان بووەتە هەواڵی ڕۆژانەی بەشێک لە میدیاکان، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی و دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچانە هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئەم ڕووداوانەی بەرۆکی خەڵکی کوردی کەمدەرامەتی ناوچە کوردییەکانی ئێرانی گرتووە، کە بە ڕادەیەک گیانی خۆیان دەخەنە مەترسی بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانی خێزان و منداڵەکانیان.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی هەفتەی ڕابردووی پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە هەڵەبجە، بەم دواییانە بەشێک لەدەسەڵاتدارانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دوای کوژرانی کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆیان ڕاگەیاند و چەند لیژنەیەکیشیان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە، بەڵام ‌هێشتا هەنگاوێکی تۆکمە بۆ نەهێشتنی ئەم ڕووداوانە بەدی ناکرێت.

XS
SM
MD
LG