Accessibility links

کەجەکە بۆ VOA: پارتی لە ئامێدی دوو هەڤاڵی ئێمەی بریندارکرد و شوێنی ئۆتۆمبێلەکانمانی دا بە تورکیا


هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەواڵی هێرشی زێرەڤانی بۆسەر گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەتکردەوە و پەکەکەی تۆمەتبار کرد بە تێوەگلانیان لە "پیلانی ناوچەیی" بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵام وتەبێژی کەجەکە ڕایدەگەیەنێت پارتی بۆسەی بۆ گەریلاکانیان ناوەتەوە و بەو هۆیەشەوە دوو گەریلایان بریندار بوون.

ڕۆژی 24ی مانگی 1 میدیاکانی نزیک لە پەکەکە بڵاویان کردەوە کە هێزەکانی پارتی لە چیای ئامێدی هێرشیان کردۆتە سەر گەریلاکانی پەکەکە و بەو هۆیەشەوە چەند گەریلایەک برینداربوون. بەڵام وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتی کردەوە هێرشیان کردبێتە سەر پەکەکە.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە،" بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان ڕووندەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی 24/1/2024 بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە."

بەڵام وتەبێژی کەجەکە ئەوە هەواڵە ڕەت دەکاتەوە دەڵێت پارتی دیموکراتی کوردستان بۆسەیان بۆ سەر ڕێگەی گەریلاکانیان داناوە و بەو هۆیەشەوە دوو گەریلایان برینداربوون.

زاگرۆس هیوا
زاگرۆس هیوا

زاگرۆس هیوا وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان( کەجەکە) بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "پەدەکە [پارتی] لە سەر رێگای هاتووچۆی هەڤاڵانی ئێمە بۆسەی دانابوو و تەقەی لێیان کردن. لە ئەنجامدا دوو هەڤاڵی ئێمە بریندار بوون و دوو سەیارەمان لە ئەنجامی گولەبارانەکاندا لە کار کەوتن. پاشان پەدەکە ئەحداسیاتی هەر دوو سەیارەکەی دا بە فڕۆکەی جەنگی تورکیا و هەر دوو سەیارەکە بۆردمان کران."

ڕۆژی 20ی مانگی 1 نوسراوێک بڵاو کرایەوە کە واژۆی عەزیز وەیسی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی زێرەڤانی لەسەربوو و گوایە فەرمانکرابوو بە هێرشکردنە سەر هەر ئۆتۆبێلێک کە هی پارتی کرێکارانی کوردستان بێت. بەڵام دەستبەجێ زێرەڤانی ئەو هەواڵەی ڕەت کردەوە و بە هەڵبەستراو لە قەڵەمیدا.

دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە تۆمەتەکانی وتەبێژەکەی کەجەکە، پەیوەندی کرد بە چەند بەرپرسێکی پارتی، لە نێوانیان مەحموود محەمەد، وتەبێژی پارتی، سەعید سەلیم ئاغا، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی پارتی، بەڵام هیچ کام لە پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

لە ڕوونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆدا، پەکەکە تۆمەتبار کراوە بە تێکدانی ئاسایشی هەرێم و بەشداری لە "پلانیکی هەرێمی" بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان. بەڵام پەکەکە پەنجەی تۆمەت ئاڕاستەی پارتی دەکات.

زاگرۆس هیوا ڕایگەیاند، "پارتی هەر تاوانێک کە بۆ خۆی دەیکات، دەیخاتە پاڵ لایەنی دی. ئەو پیلانانەی کە تا ئێستا بوونەتە هۆی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێم، پەدەکە لە هەموویاندا بەشدار بووە. هاوپەیمانی لە گەڵ داعش و پێناسەکردنی وەک دراوسێ تازە، ریفراندۆم، شەڕ و ئاژاوەکانی ناو کەرکووک و هەوڵدان بۆ دەرخستنی کەرکوک لە دەستی کورد، هێنانی سوپای تورکیا بە قۆڵایی چل کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی هەرێم."

وتیشی،" ئێمە تا ئێستاش بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتمان کردووە و دانمان بە خۆماندا گرتووە."

بە هۆی هەبوونی شەڕ لە نێوان تورکیاو پەکەکە، ژمارەیەکی زۆر لە گوندە سنوریەکان ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە، و هێزەکانی تورکیاش بە درێژایی نزیکەی 30 کیلۆمەتر هاتوونەتە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستانەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانیدا بە چۆڵکردنی چوار گوندی سنوری و گواستنەوەی دانیشتوانەکەیان.

زاگرۆس هیوا دەڵێت،"هۆکارەکەی رێگەخۆشکردنە بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازی نوێ ئەنجام بدات و زیاتر بێتە ناو قوڵایی خاکی هەرێمەوە."

XS
SM
MD
LG