حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران ڕایگەیاند، دوای 24 ساڵ وەک ئەندامێتی، ڕێگری لێ کراوە بۆدووبارە هەڵبژاردنەوەی، لەو دەزگایەدا کە ڕێبەری باڵای وڵات دیاری دەکات.
ماڵپەری فەرمی حەسەن ڕۆحانی ڕایدەگەیەنێت، بە وتەی بەرپرسێکی شورای نیگەهبان، شایستەیی حەسەن ڕۆحانی بۆ خۆکاندیدکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی خبرێگان (پسپۆڕان) ڕەتکراوەتەوە.
ماڵپەڕی فەرمیی ڕۆحانی نووسیویەتی "پارێزەرانی بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە هیواخوازانی خۆ کاندیدکردن پشتیوانییان لە کاندیدبوونی ناوبراو بۆ خولی نوێی ئەنجومەنی خبرێگان نەکردووە،" بەڵام هۆکارەکەی ڕوون نەکراوەتەوە.
سەرۆکی پێشوو کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1999 بۆ ئەو دەستەیە هەڵبژێردرابوو، لە مانگی یانزدەدا ڕایگەیاندبوو کە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی خولێکی نوێ دەدات.
ڕوحانی لە ساڵی 2013 تا 2021 سەرۆک کۆماری ئێران بوو، لە دوای هەڵبژاردنی ئیبهراهیم ڕەئیسی ئەوپەڕی کۆنەپەرست وەک سەرۆکی ئێران، ڕۆحانی بوو بە ڕەخنەگرێکی سەرەکی ئەو جێگرەوەیەی و سوپای پاسدارانی ئێران کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی ئێران.
ئەنجوومەنی خبرێگان کە لە 88 کەس پێکهاتووە، بەرپرسیارە لە هەڵبژاردن، چاودێریکردن و ئەگەر پێویست بکات، دەرکردنی ڕێبەری باڵا کە لە هەموو کاروباری دەوڵەت لە ئێراندا قسەی کۆتایی هەیە.
ئایەتوڵا عەلی خامنەئی کە ئێستا تەمەنی 84 ساڵە، لە ساڵی 1989ەوە پۆستی ڕێبەری باڵای ئێرانە.
سەرچاوە: ڕادیۆ فەردا، ڕۆیتەرز