ئۆفیسی تایبەت بە سەروەت و سامانی بیانی لە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا؛ هێڵی ئاسمانیی (فلای بەغداد) و بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەو هێڵە ئاسمانییەی خستووەتە ناو لیستی سزاکانی خۆیەوە، بەهۆی ئەوەی یارمەتی و کۆمەک دابین دەکەن بۆ هێزی قودسی پاسدارانی ئێران و ڕێکخراوەکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا و لوبنانیشدا.
ئۆفیسەکە، 3 ڕێبەر و هەروەها پشتیوانکاران و ئەو کاردارانەشی کە هێنان و بردن و قاچاغچێتی دراو کارییان کردووە بۆ کەتائیبی حزبوڵڵا، ئەوانیشی خستووەتە هەمان ئەو لیستەوە.
ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ دوو شەممەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، تیشک خستنە سەر بەردەوامیی هەڕەشە و مەترسییەکانی هێزی قودس و تۆڕی ئەو ڕێکخراوانەیە کە سەر بەو هێزەی ناو پاسدارانی ئێرانن.
گروپی کەتائیبی حزبوڵڵا، زنجیرەیەک هێرشی کردووە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک بۆ سەر سەربازەکانی ئەمەریکا لە عێراق و لە سوریاشدا.
لەوەتای ڕۆژی 7ی مانگی دەی ساڵی 2023 وە کە حەماس هێرشە دڕندانەکەی دەستپێکرد بۆ سەر ئیسرائیل، کەتائیبی حزبوڵڵا کە خۆی بە بەشێک لە (مقاوەمەی ئیسلامی) دادەنێت، هێرشەکانی زیاتر کردووە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی.
کەتائیبی حزبوڵڵا و ڕێکخراوە میلیشیاییەکانی تری سەر بە ئێران بەردەوام ڕاگەیەندراویان بڵاوکردووەتەوە بۆ پشتیوانی لە تێرۆکارییەکانی حەماس و پێداگریی خۆیشیان دووبارە کردووەتەوە بۆ هێرشکردنە دەر سەربازەکانی ئەمەریکا.
برایان ئی نیڵسن، یاریدەدەری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تێرۆریزم و زانیاری دارایی دەڵێت "ئێران و لایەنەرکانی سەر بە ئێران لە هەوڵی خراپ بەکارهێنانی ئابوری ناوچەکەدان و لە هەوڵی بەکارهێنانی کاردارییەکاندان کە وەهای نیشان دەدەن کارداریی یاسایی ڕەوان بۆ دابینکردنی دارایی و کارئاسانکردن بۆ هێرشەکانیان."
نێڵسن دەشڵێت " ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ڕاگرتنی ئەو جموجۆڵە ناڕەوایانەی ئێران کە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیریین لە ناوچەکەدا دەیانکات."
هێڵی ئاسمانیی فلای بەغداد
بەپێی ڕاپۆرتەکان، چەندان ساڵە هێڵی ئاسمانیی فلای بەغداد، پشتیوانی دابین کردووە بۆ کردە و جموجۆڵەکانی هێزی قودسی پاسداران و لایەنەکانی سەر بەو هێزە ئێرانییە و هەم کەرەستە و کاڵا و هەمیش خەڵکی سەر بەو ڕێکخراوانەی لە ناوچەکەدا گواستۆتەوە.
فلای بەغداد، چەکی گواستووەتەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی دیمەشق بە مەبەستی گەیاندنی ئەو چەکانە بۆ هێزی قودس و بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە لە سوریان وەک پاسەوانانی کۆماریی سوریا و حزبوڵای لوبنان و هێزی ئەبولفەزڵ ئەلعەباس کە سەر بە کەتائیبی حزبوڵڵایە.
کەتائیبی حزبوڵڵا
حوسەین موئنس ئەلعەبودی؛
ئەندامێکی باڵای کەتائبی حزبوڵڵایە و لە ئێستادا پەرلەمانتارە و سەرۆکی باڵە سیاسییەکەی کەتائیبە بە ناوی (حرکة الحقوق) لە پەرلەمانی عێراق و پێشتر سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی کەتائیب بووە لەگەڵ حکومەتی نێوەندی عێراقدا.
ڕیاز عەلی حوسەین ئەلعەزاوی؛
پسپۆڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و لەناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا بە ئەندازیاری سەرەکی بواری تەکنەلۆژیا دادەنرێت.
ئەوقەد موحسن فەرەج ئەلحمیداوی؛
برا بچوکەکەی ئەحمەد ئەلحومەیداوی،سەرۆکی کەتائیبی حزبوڵڵایە، ئەوقەد بەرپرسیارە لە کاردارییەکان و بواری دارایی کەتائیب و لە ڕێی بازرگانییەوە پارە بۆ ڕێکخراوەکەی پەیدا دەکات، و هەروەها قاچاغچێتی پارەش دەکات بۆ کەتائیبی حزبوڵڵا.
سەرچاوە/ وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا