Accessibility links

ژنە پارێزەرێکی کورد بە زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت


گوڵاڵە وەتەندووست، پارێزەر و چالاکی مافەکانی ژنان لە شاری مەریوان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە زیاتر لە 6 ساڵ زیندانیکردن سزا دەدرێت.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەرچاوە هەواڵییەکان ڕایانگەیاندووە ئەو پارێزەرە بە تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا " و " پێکهێنانی دەستە و ئەندامبوون لە گروپەکانی دژی ئاسایشی نیشتمانی " ڕووبەڕووی ئەو سزایە بووەتەوە. ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە دادگاییکردنی گوڵاڵە وەتەندووست لە 12 ی مانگی نۆی ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچووە و دواتر دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوەی پارێزگای کوردستان کراوە بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی.

خاتوون وەتەندووست مانگی دەی ساڵی 2022 لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێراندا دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی دوو هەفتە بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی ئێرانی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

هەنگاو دەڵێت ئەو چالاکوانەی مافەکانی ژنان بەهۆی چالاکییەکانییەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

دوابەدوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی 2022، حکوومەتی ئێران گوشارەکانی بۆ سەر پارێزەران و چالاکوانان چڕتر کردووەتەوە و زۆرێک لەوانە چەندین جار دەستگیرکراون و سزای زیندانی درێژخایەن و قورسیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە بەسەردا سەپێنراوە.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG