کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ)کە بنکەکەی لە نیویۆرکە، ڕایگەیاند دوابەدوای بەرزبوونەوەی ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو لە ئیسرائیل، ئەو وڵاتە بۆ یەکەمجار دەخرێتە لیستی ئەو دە وڵاتەوە کە ڕێژەیەکی زۆری ڕۆژنامەنووسان تێیاندا زیندانی کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان، ئیسرائیل بە زیندانیکردنی 17 ڕۆژنامەنووس، دوای چین، میانمار، بیلاڕووس، ڕووسیا و ڤێتنام، لە پلەی شەشەمدایە و یەکسانە بە ئێران.
ئیسرائیل دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و ئەوروپاوە وەک گروپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، پلەکەی لەگەڵ ئێران یەکسان بووە و لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا 17 ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی لەلایەن ئەو وڵاتەوە زیندانی کراون.
کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان هەروەها ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە تاکو ئێستا لانیکەم 80 ڕۆژنامەنووس کوژراون کە 76یان فەلەستینی و چوار ئیسرائیلی و 3 لوبنانی بوون.
لە ئێستادا 320 ڕۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهان بەهۆی ئەنجامدانی کاری پیشەیی خۆیانەوە زیندانی کراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان پێشکەشی کردووە، چین گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانی جیهانە و 44 ڕۆژنامەنووس تێیدا زیندانیکراون.
دوای چین، میانمار بە 43 ڕۆژنامەنووس، بیلاڕووس بە 28 ڕۆژنامەنووس، ڕووسیا بە 22 ڕۆژنامەنووس و ڤێتنام بە 19 ڕۆژنامەنووس لە ڕیزەکانی پێش ئیسرائیل و ئێراندان.
لەدوای ئێران و ئیسرائیل، وڵاتانی وەک ئێریتریا بە 16 ڕۆژنامەنووس، میسر و تورکیا کە هەریەکەیان 13 ڕۆژنامەنووس و سعودیە بە 10 ڕۆژنامەنووس گەورەترین زیندانی ڕۆژنامەنووسانن لە جیهاندا.
سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا