وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ڕایگەیاند بە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی ساوای هۆڵەندی کە لە هێرشەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر گیانی لەدەستدا، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەو وڵاتە بانگهێشت کردووە و هەروەها لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان قسەی کردووە و داوای ڕوونکردنەوەی کردووە سەبارەت بە کوژرانی ئەو منداڵە.
هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی توندی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها وڵاتانی ڕۆژئاوای لێکەوتەوە و هۆڵەنداش ڕۆژی هەینی بوو بە یەکێک لەو وڵاتانە کاردانەوەی هەبێت بەرامبەر بەو هێرشە.
ڕۆژی هەینی 19ی مانگی یەک وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا هانێکە بروینز سلۆت لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڕایگەیاند کە جگە لەوەی داوای ڕوونکردنەوەی لە هاوتا ئێرانییەکەی کردووە، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی لە ئەمستردام بانگهێشت کردووە.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا سەرەڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی سەر هەوڵێر، ڕایگەیاندووە "باڵیۆزی ئێرانم بانگهێشت کرد. مردنی منداڵێکی بچووک کە تەمەنی کەمتر لە ساڵێکە بە ڕاستی دڵتەزێنە. هاوسۆزی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵە خەمبارەکەی و قوربانیانی دیکەی ئەو هێرشە دەکەین."
شەوی ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە فەرمانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ماڵی پێشڕەو دزەیی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر کرایە ئامانج و لەو هێرشەدا، پێشڕەو دزەیی لەگەڵ ژینای کچی و هاوڕێیەکی بازەرگانی و کارگوزارێکی ماڵەکەی کوژراون و شەش کەسی دیکەش برینداربوون. لە هەواڵەکاندا تەمەنی کچەکەی پێشڕەو دزەیی بە 11 مانگ ئاماژەی پێکراوە.
سەرچاوە / دەنگی ئەمەریکا.