Accessibility links

پاکستان دەڵێت سازش لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی خۆی ناکات


وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ڕایگەیاند بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە پەناگە تایبەتەکانی "تیرۆریستانی" لە سنووری سیستان و بەلوچستانی ئێران کردووەتە ئامانج.

پاکستان ئەم کارەی بە 'ئۆپەراسیۆنی مەرگ بۆ سەرمچار' ناوزەد کردووە. سەرمچار گرووپێکی جودابیری بەلوچە کە دژی حکومەتی پاکستان دەجەنگێت.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دەڵێت لەم هێرشەیاندا ژمارەیەک لە ئەندامانی گرووپەکە کوژراون.

مومتاز زەهرا بەلوچ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیسلام ئاباد ڕایگەیاند، پاکستان ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەگرێت، بەڵام هێرشەکەی ئەمڕۆ لە پێناو بەرژەوەندی و ئاسایشی نەتەوەیی خودی پاکستان بووە کە سازشی لەسەر ناکرێت.

بە گوێرەی وتەکانی خاتوو بەلوچ، سەرۆک وەزیرانی پاکستان ئەنوەر ئەلحەق کاکار چاودێری ڕەوشەکە دەکات و دوای کورتکردنەوەی سەردانەکەی لە داڤۆس بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابوری جیهانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە دەگەڕێتەوە بۆ وڵات.

بەپێی ڕاپۆرتی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاکستان، سەرکەوتوانە بنکەکانی سوپای ڕزگاریخوازی بەلوچستان و بەرەی ڕزگاریخوازی بەلوچستانی لەناو ئێران کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو گرووپانەی لە ئێران کراونەتە ئامانج، لە هێرشەکانی ئەم دواییەی پاکستان دەستیان هەبووە و دەشڵێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و چەکی دیکەش لە هێرشەکەدا بەکارهێنراون.

ئەو ناوچەیەی ئێران کە لەلایەن پاکستانەوە کرایە ئامانج، نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە سنووری نێودەوڵەتیی لەگەڵ پاکستاندا دوورە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا چەندین گرتەی ڤیدیۆیی شوێنی هێڕشەکە بڵاو کراوەتەوە.

لە لایەکی وزیری ناوخۆی ئێران ئەحمەد واحیدی دەڵێت بە پێی ئەو زانیاریانەی پێیان گەیشتووە چوار منداڵ و سێ ژن و دوو پیاو کە هاووڵاتی ئێرانی نین لەو هێرشانەدا کوژراون.
میدیا فەرمییەکانی ئێران لە زاری عەلی ڕەزا مرهەماتی جێگری پارێزگاری سیستان – بەلوچستانەوە ڕادەگەیەنن، پاکستان هێرشی مووشەکیی کردووەتە سەر گوندێکی شاری سەراوان و لەو هێرشانەشدا خەڵکی بیانی کوژراون.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵوێزی پاکستانی بۆ 'ڕوونکردنەوە' بانگهێشت کردووە.

پاکستان لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندووە چەکدارانی ڕێکخراوە جوداخوازە نایاساییەکان پەنایان بۆ ناوچە سنوورییەکانی ئێران بردووە و لەوێوە دژی حکومەتی پاکستان چالاکی دەکەن.

هێرشەکەی سوپای پاکستان دژ بەو گرووپانەی نێو ئێران ڕۆژێک پاش ئەوە دێت کە ئێران ڕایگەیاند، دوو بارەگای گروپی "جیش‌العدل" ی لە ناو خاکی پاکستان بۆردومانکردووە و وێرانیکردوون.

هەردوو ئاژانسی تەسنیم و فارس نیوز شەوی سێشەممە بە کاتی خۆجێی ڕایانگەیاند بە موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە هەردوو بارەگاکە دراون کە دەکەونە ناوچەی کوهی سەبز لە ناوچەی بەلوچستان لە باشوری ڕۆژئاوای پاکستان.

جەیشوئەلعەدل، گروپێکی سوونەیە و لە ساڵی 2012 وە دامەزراوە، دەڵێن شەڕی هێزەکانی ئێران دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی مافی سوونەکان لە وڵاتەکەدا. ئێرانیش بە گروپێکی تێرۆرستی ناودێری دەکات، دەڵێت ئەم گروپە ئامانجی ئاینزایی هەیە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز، فرانس پرێس، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، بەشی ئوردوی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG