Accessibility links

سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا کە هاوڕەگەزخوازە، هاوژینی پێشووی دەکاتە وەزیری دەرەوە


سەرۆکوەزیرانی تازە هەڵبژێردراوی فەرەنسا کە بە تەمەنی 34 ساڵی وەک گەنجترین هاوڵاتی فەڕەنسی پۆستی سەرۆکایەتی حکومەتی وەرگرت، لە هەمانکاتدا یەکەم سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەشە هاوڕەگەزخوازی خۆی ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکوەزیران گابریێل ئەتەڵ کابینەی نوێی حکومەتەکەی ڕاگەیاند و تێیدا خۆشەویست و هاوژینی پێشووی، ستیفەن سیژوغنی، کردە وەزیری دەرەوە.

ستیفەن سیژوغنی
ستیفەن سیژوغنی

سەرۆکوەزیران گابریێل ئەتەڵ بە یەکێک لە چالاکترین و بەناوبانگترین سیاسییەکانی فەڕەنسا دادەندریت، کە سێشەممەی ڕابردوو وەک سەرۆکوەزیران دەستنیشانکرا. بەگوێرەی میدیای فەڕەنسا، شیانی هەیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2027 ببێت بە یەکێک لە کاندیدە سەرەکییەکان بۆ بردنەوەی سەرۆکایەتی وڵات، لە کاتێکدا ئیمانوێل ماکرۆن بەهۆی دەستوری وڵاتەوە ناتوانێت بۆ جاری سێهەم خۆی هەڵبژێرێتەوە.

گابریێل ئەتەڵ لە ساڵی 2017 و لە تەمەنی 28 ساڵیدا بووە ئەندامی پەرلەمانی فەڕەنسا. ساڵی 2018، ئەو کاتەی یاریدەدەری وەزیری پەروەردە و گەنجان بوو، هاوڕەگەزخوازبوونی لە لایەن یەکێک لە هاوپۆلەکانی پێشووی ئاشکراکرا. ئەو بە میدیاکانی وڵاتەکەی وتووە لە ڕابردوودا بەهۆی هاوڕەگەزخوازبوونییەوە دوچاری گێچەڵ و سوکایەتیکردن بووەتەوە.

لە ساڵانی دواتر، گابریێل ئەتەڵ چەندین پۆستی باڵای لە ناو حکومەت و حزبەکەی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن وەرگرتووە، لەوانە پۆستی وتەبێژی حکومەت لە ساڵی 2020، وەزیری کاروباری گشتی لە ساڵی 2022 و وەزیری پەروەردە لە ساڵی 2023.

گابریێل ئەتەڵ لە ساڵی 2018 پەیوەندی سۆزداری خۆی لەگەڵ ستیفەن سیژوغنی ئاشکراکرد، ئەوکاتەی بووە ئەندام لە حکومەتەکەی ماکرۆن.

هاوژینی پێشووی یەکێکە لە سەرکردەباڵاکانی حزبی دەستەڵاتدار.

ستیفەن سیژوغنی لە ساڵی 2022وەوە سکرتێری گشتی پارتی رێنەسانسە کە لە ساڵی 2016 لەلایەن ئیمانوێل ماکرۆنەوە دامەزرا. جگە لەم پۆستە، ئەو سەرۆکایەتی گروپی نوێبوونەوەی ئەروپا دەکات لە پەرلەمانی ئەوروپا و لە ڕابردووشدا ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا و ڕاوێژکارێکی نزیکی ماکرۆن بووە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا.

گابریێل ئەتەڵ و ستیفەن سیژوغنی هاوسەرگریرییان نەکردبوو، بەڵام بەیەکەوە چووبوونە نێو پەیوەندی "یەکێتی مەدەنی" کە هاوشێوەی هاوسەرگیری لە یاسای فەڕەنسادا مامەڵەی لەگەڵدەکرێت.

مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو میدیای فەڕەنسا ئەوەیان پشتڕاستکردەوە کە لەیەکتر جیابوونەتەوە.

فەڕەنسا یەکێکە لەو 35 وڵاتانەی جیهان کە هاوسەرگیری هاوڕەگەزخوازانیان بە یاسا پەسەندکردووە. دوایین وڵات کە هاوسەرگیرییەکەی یاساییکرد بریتیبوو لە ئیستۆنیا کە بەپێی پەرلەمانی وڵاتەکە هاوڕەگەزخوازان لەسەرەتای ئەمساڵەوە دەتوانن بچنە هاوسەرگیری شەرعییەوە. وابڕیارە ئەمساڵ یۆنانیش بچێتە ڕیزی ئەم وڵاتانە.

لە سەرانسەری وڵاتان، گابریێل ئەتەڵ نۆیەم کەسایەتی جیهانییە لە مێژوودا کە بە ئاشکرا هاوڕەگەزخوازی خۆیان ڕاگەیاندووە و سەرۆکایەتی وڵات و حکومەتییان کردووە. لە ئێستادا جگە لە فەڕەنسا، سەرۆکی لاتیڤیا و سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا و سڕبیا و ئەندۆڕاش هاوڕەگەزخوازن.

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی کابینەی حکومەتی فەڕەنسا لە کاتێدان کە حزبەکەی ماکڕۆن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوێکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی و بەرگری و داد گۆڕانکارییان تێدا ئەنجامنادرێت.

سەرچاوە/فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG