دادوەرانی دادگای نێودەوڵەتی ڕۆژی پێنجشەممە، 11ی مانگی یەک دانیشتنێکی دوو ڕۆژەیان لەسەر دۆسیەی پەیوەست بە سکاڵای ئەفریقای باشوور لە دژی ئیسرائیل بە تۆمەتی "جینۆساید"ی فەلەستینییەکان لە شەڕی غەززەدا دەستپێکرد.
لە یەکەم ڕۆژی دانیشتنەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ)، ئەفریقای باشوور ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئیسرائیل کە بەشێکی زۆری غەززەی ڕووخاندووە و بەپێی وتەی دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە زیاتر لە 23 هەزار کەسی کوشتووە، بە ئامانجی لەناوبردنی دانیشتوانی غەززەیە."
لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە ئامانجی لەناوبردنی حەماس و دوابەدوای هێرشەکەی ئەو گرووپە دەستی پێکرد کە تێدا هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 140 کەسیش بە بارمتە گیران.
لەم دۆسیەیەدا ئەفریقای باشوور داوای لە دادگای نێودەوڵەتی کردووە کە لێپرسینەوە لە ئیسرائیل بکات بە هۆی "پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی جینۆساید" و داواشی کردووە "پاراستنی دەستبەجێ و تەواوەتی فەلەستینییەکان لە غەززە کە مەترسی جددی و دەستبەجێی جینۆسایدیان لەسەرە" مسۆگەر بکات.
ئیسرائیل تۆمەتەکانی ئەفریقای باشووری بە بێ بنەما ناوبرد و وتی ئەفریقای باشوور بە ناوی حەماسەوە قسە دەکات.
ئەفریقای باشوور بە خستنەڕووی تۆمەتەکانی خۆی سەبارەت بە کردەوەی جینۆساید، ئاماژەی بە هەڵمەتی بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل و سەرنجەکانی یۆاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش کرد کە لە سەرەتای شەڕەکەدا ڕایگەیاندبوو ئیسرائیل گەمارۆی تەواوەتی لە چوارچێوەی شەڕێکدا دژی "ئاژەڵە مرۆییەکان" دەسەپێنێت.
ڕێککەوتننامەی جینۆساید کە ساڵی 1948 لە دوای کوشتنی بە کۆمەڵی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا دەرچووە، ئەو کردەوانە دەگرێتەوە کە بە مەبەستی لەناوبردنی هەموو یان بەشێک لە گروپێکی نەتەوەیی، ئەتنیکی، ڕەگەزی یان ئایینی ئەنجامدراون.
بنیامین ناتانیاهۆ ڕۆژی پێنجشەممە دۆسیەی جینۆسایدی ئەفریقای باشووری لە دژی ئیسرائیل لە غەززە بە "دووڕوویی و درۆ" ناودێر کرد و سەرکۆنەی کرد.
وتیشی "ئیسرائیل شەڕی ئەو تیرۆریستە بکوژانە دەکات کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە و ژن و منداڵ و بەساڵاچوو و گەنجیان سەربڕیوە و دەستدرێژییان کردووەتە سەریان و سووتاندویانن و پارچە پارچەیان کردوون."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەروەها ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند هێزەکانی ئەو وڵاتە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ کەمکردنەوەی زیانی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.
نەتانیاهو جەختیکردەوە کە ئیسرائیل لە شەڕی غەززەدا دژ بە "تیرۆریستانی حەماسە نەک گەلی فەلەستین" و گوتی "بە تەواوی پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانە" و جارێکی دیکەش حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی وەک "قەڵغانی مرۆیی" بەکاردەهێنێت.
ئەمەریکا کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا داوای لە ئیسرائیل کردووە لە کاتی هێرشەکانیدا بۆ لەناوبردنی حەماس ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتەبەر بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی، تۆمەتەکانی ئەفریقای باشووری لە دژی ئیسرائیل ڕەتکردەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی سێشەممە، وێڕای ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکانی ئەفریقای باشوور، ئاماژەی بەوەدا کە حەماس و حزبوڵڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن و هەروەها لایەنگرەکەیان کۆماری ئیسلامی ئێران، بەردەوامن لە داواکردنیان بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل و کۆمەڵکوژی جووەکان.
وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لەژێر دەسەڵاتی حەماسدایە، دەڵێت تا ئێستا 23 هەزار و 300 فەلەستینی دانیشتووی غەززە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون و بەشێکی بەرفراوانی غەززەش وێران بووە و 85%ی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە کە 2.3 ملیۆن دانیشتووی هەبووە، ئاوارەبوون.
ئەفریقای باشوور لە دوای ئاپارتاید لە مێژە بەرگری لە دۆزی فەلەستین دەکات، پەیوەندییەکە کاتێک دروست بوو کە خەباتی کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقا دژی دەسەڵاتی کەمینە سپی پێستەکان لەلایەن ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و یاسر عەرەفاتەوە پشتگیر کرا.
ئەفریقای باشوور بە داواکانی خۆی بۆ ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ وەستاندنی شەڕەکە کۆتایی بە قسەکانی خۆی هێنا. دادگاکە بڕیارە ڕۆژی هەینی گوێ لە وەڵامی ئیسرائیل بگرێت.
بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دادگا بڕیار لەسەر ئەگەری ڕێوشوێنە فریاگوزاریەکان بدات بەڵام بڕیار لەسەر تۆمەتەکانی جینۆساید نادات وبڕیار لەسەر ئەو پرسە دەتوانێت ساڵانێک بخایەنێت.
بڕیارەکانی دادگای نێودەوڵەتی کۆتایین و تانەیان لێنادرێت، بەڵام دادگا دەسەڵاتی یاسایی بۆ جێبەجێکردنیانی نییە.
سەرچاوەکان/ دەنگی ئەمەریکا/ ڕۆیتەرز
یەکەم ڕۆژی دادگای نێودەوڵەتی سەبارەت بە تۆمەتی جینۆسایدی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوەچوو
