Accessibility links

10 هەزار کەس لە جیهان بەهۆی کۆرۆناوە لە ماوەی مانگێکدا گیانیان لەدەستداوە


سەرۆکی دەزگای تەندروستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند تەنها لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تۆمارکراون و گوتیشی بەهۆی گردبوونەوەکان و گەشتەکان لە پشووی سەری ساڵدا، وەرگرتنی نەخۆش لە نەخۆشخانەکان لە ماوەی مانگەکەدا لە نزیکەی 50 وڵاتدا بە ڕێژەی 42% بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

تێدرۆس ئەدهەنۆم گەبریسێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ژنێڤ گوتی "هەرچەندە کۆڤید 19 وەک حاڵەتێکی بەپەلەی تەندروستی جیهانی نەماوە، بەڵام ڤایرۆسەکە هێشتا لە سووڕانەوەدایە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت و مرۆڤ دەکوژێت".

گوتیشی "هەرچەندە مانگانە 10 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان زۆر کەمترە لەو کاتەی پەتاکە لە لوتکەی خۆیدا بوو، بەڵام ئەم ئاستە لە گیانلەدەستدانیش کە دەکرێت ڕێگری لێبکرێت، جێگای قبوڵکردن نییە."

سەرۆکی دەزگای تەندروستی جیهانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە تەنها بەشێکە لە ڕاستییەکان و ئاماژەی بەوەشکرد ژمارەیەک وڵات وازیان لە پێدانی ئامارەکانی کۆرۆنا بەو ڕێکخراوەیە هێناوە و ئەمەشی بە کێشەیەکی گەورە زانیوە.

تێدرۆس ئەدهەنۆم گەبریسێس ئاماژەی بەوەشکرد ئێستا جۆری جی ئین 1 (JN.1) دیارترین جۆرەی کۆڤیدە لە جیهاندا کە جۆرێکی ئۆمیکرۆنە و هەر بۆیە ڤاکسینەکانی ئێستا دەشێت یارمەتیدەر بن لە پاراستنی خەڵک.

بەرپرسانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشنیاری ئەوە دەکەن کە خەڵک لەکاتی گونجاودا کوتان بکەن و دەمامک بەکاربهێنن و دڵنیابن لە هەوا گۆڕینی باشی شوێنەکانی ناوماڵ.

دکتۆر مایکل ڕایان، سەرۆکی بەشی فریاگوزاری لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت "رەنگە ڤاکسینەکان ڕێگری لە تووشبوونت نەکەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ڤاکسینەکان چانسی خەواندنت لە نەخۆشخانە یان مردن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکەنەوە."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG