میدیاکانی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە، 11ی مانگی یەک، بڵاویانکردەوە ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرتووە کە نەوتی خاوی عێراقی بەرەو تورکیا دەگواستەوە، ئەمەش وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بەرامبەر بە دەستبەسەرداگرتنی نەوتی ئێران لە هەمان نەوتهەڵگردا لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی ڕابردوو.
ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمی فارس لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی هێزی دەریایی ئێران بڵاویکردوەتەوە "دوای دزینی نەوتی ئێرانی لەلایەن ئەمەریکاوە لە ساڵی ڕابردوودا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری، تانکەری نەوتی سانت نیکۆلاس لەلایەن هێزی دەریایی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا و بەرەو بەندەرەکانی ئێران لە جوڵەدایە."
کەشتی سانت نیکۆلاس کە پێشتر بە ناوی سوێز ڕاجانەوە کاریکردووە، ساڵی ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی جێبەجێکردنی سزاکان لەلایەن ئەمەریکاوە دەستی بەسەردا گیرا و دوابەدوای ئەو هەنگاوەش، ئێران هۆشداری دایە ئەمەریکا کە ئەو کارەی "بێ وەڵام نابێت".
لەو کاتەدا ئەمەریکا ڕایگەیاند کە سوپای پاسدارانی ئێران بە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا هەوڵی ناردنی نەوتی ئێرانی بۆ چین داوە.
کەشتی سوێز ڕاجان لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی لەلایەن ئەمەریکاوە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو 980 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ئێرانی هەڵگرتبوو.
ئەم تانکەرە بەهۆی ترسی سزاکانی ئەمەریکا بۆ ماوەی دوو مانگ و نیو نەیتوانی نەوتی خاوی ئێران دابەزێنێت و دوای خاڵیکردنی بارەکەی، ناوی گۆڕدرا بۆ "سانت نیکۆلاس".
دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) پێشتر ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاندبوو کە ڕاپۆرتێکیان پێگەیشتووە سەبارەت بەوەی چوار بۆ پێنج کەسی چەکدار بە جلوبەرگی ڕەش و دەمامکەوە سواری کەشتییەک بوون کە نزیکەی 50 میلی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی کەناراوەکانی عومانەوە دووربووە.
دەسەڵاتی بەریتانیا کە زانیاری ئەمنی دەریایی دەدات، ڕایگەیاندووە نەیانتوانیوە پەیوەندی زیاتر لەگەڵ کەشتییەکە بکەن و دەسەڵاتداران هێشتا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن.
کۆمپانیای ئیمپایەر ناڤیگەیشن کە وەگەڕخەری کەشتییەکەیە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە ئەو تانکەرە لە کاتی دەستبەسەرداگرتنیدا 145 تۆن نەوتی لە بەندەری بەسرەی عێراقەوە بارکرکردبوو و بەرەو بەندرێکی تورکیا بەڕێکەوتبوو.
ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە 18 کەسی فلیپینی و کەسێکی یۆنانی تێدا بووە و لەلایەن پاڵاوگەی تۆپراسی تورکیاوە بەکرێ گیراوە.
دەستبەسەرداگرتنی نەوتهەڵگری سەنت نیکۆلاس کە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵی لەسەر بووە، هاوکاتە لەگەڵ هێرشی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن و ڕێگاکانی کەشتیوانی دەریای سووریان کردوەتەوە ئامانج. حوسییەکانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی لانیکەم 26 هێرش، بوونەتە هۆی زیادبوونی بێ وێنەی گرژییە دەریاییەکانی ناوچەکە و ئاسایشی هێڵەکانی کەشتیوانی بازرگانیان لە دەریای سوور خستوەتە مەترسییەوە.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە هۆشداری دا لەوەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی حوسییەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا "دەرئەنجامی قورسی" دەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەمەریکا دەست بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا دەگرێت کە نەوتی عێراقی بۆ تورکیا دەگواستەوە
