Accessibility links

ڕاپرسییەک: %40 ی خاوەنکاران خۆیان بە دووردەگرن لە دامەزراندنی ئەو کەسانەی لە دایکبووی کۆتایی 90کان و دووهەزارەکانن


بەگوێرەی ڕاپرسییەکی مانگی دوانزەی ساڵی 2023، کە 800 بەڕێوبەر و جێبەجێکار لە ئەمەریکا بەشدار بوون لە پڕکردنەوەی هەلی کارە کراوەکاندا، نزیکەی چوار لە کۆی 10 بەڕێوەبەر ئەو کەسانەیان دانەمەزراندووە کە دەرچووی ئەمدواییانەی کۆلێژن، لەبەرئەوەی پێیان وابووە ئەو دەرچووانە ئامادەی ژیانی پیشەیی نەبوون.

یەک خاوەنکار لە هەر پێنج خاوەنکارێکدا دەڵێن دەرچوویەکی نوێی کۆلێژ یەکێک لە باوانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە بۆ چاوپێکەوتنی کارەکە. لەسەدا 21 ی ئەو خاوەنکارانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە گوتوویانە کاندید هەبووە داوای کاری کردووە بەڵام ڕەتی کردووەتەوە کامێراکەی بۆ چاوپێکەوتنێکی ئۆنلاین دابگیرسێنێت. هەروەها خاوەنکارەکان گلەیی ئەوەیان کردووە کە ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵیاندا کردبوو نەیانتوانیوە سەیری چاوی خاوەن کارەکە بکەن و هەروەها جل و بەرگی نەشیاوییان پۆشیوە و زمانی نەشیاوییان بەکارهێناوە.

ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکە بۆ مایکل کۆنەرس، دامەزرێنەری کارمەندان لە بواری ژمێریاری و تەکنەلۆژیا لە ناوچەی واشنتن کە دەرچووانی نوێی کۆلێژ ئامادە دەکات بۆ چاوپێکەوتنی کار، جێی سەرسوڕمانی نیە.

مایکل کۆنەرس دەڵێت " لە کۆتاییدا پێدەچێت کە داواکارانی کار جددی نەبن، ئایا ئەوان تەنانەت کارەکەیان دەوێت، یاخوود ئەمە تەنها هەنگاوێکە و دەیگرنەبەر؟

کۆنەرس هەرگیز کاندیدێکی نەبووە ڕەتی کردبێتەوە کامێراکەی دابگیرسێنێت، بەڵام کاندیدی هەبووە لە ژینگەیەکی نەشیاوی وەکو دەرەوەی مۆڵێکدا چاوپێککەوتنە ئۆنلاینەکەی ئەنجام داوە.

هەریەک لە کۆنەرس و دایان گایسکی، مامۆستای پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کۆلێژی ئیثاکا لە نیویۆرک، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پەتای کۆڤید-19 کاریگەری لەسەر گەشەکردن و پێگەیشتنی دەرچووانی نوێی کۆلێژ هەبووە.

گایسکی دەڵێت " ساڵی کۆتاییان لە خوێندنی ئامادەیی پچڕ پچڕ بووە. ئاهەنگی دەرچوونی ئاسایی و ئاهەنگ و ئەو شتانەیان نەبووە. نەیانتوانیوە پێش کۆلیژ لەو هاوینەدا کاربکەن. تەنانەت کاتێک چوونەتە کۆلێژیش، شتانی وەکو مەشقکردن و خوێندن لە دەرەوەی وڵات و ئەو شتانە بەردەست نەبوون بۆیان."

گایسکی دەڵێت لە دەرەنجامی ئەوەدا خوێندکاران کەمتر متمانەیان بە توانای خۆیان هەیە بۆ بەشداریکردنیان لە جیهانی کارکردندا.

وتیشی " بەشێک لە توانای کۆلێژ بۆ ئامادەکردنی خوێندکارەکان بۆ ژیانی پیشەیی ئەو شتانەن کە لە دەرەوەی پۆلەکاندا پێیدا تێپەڕ دەبن، لەوانەش گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانێکدا کە جیاوازن لەوان، هەروەها توانایان بۆ کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە لە کۆمەڵگەکەدا هەن، هەروەها بەشداریکردنییان لە مەشقەکاندا، هەموو ئەوانەش بوونییان نیە."

لەسەدا 38 ی ئەو خاوەنکارانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە دەڵێن خۆیان لە دامەزراندنی دەرچووانی نوێی کۆلێژ بە دوور دەگرن و لە بری ئەوە کرێکارانی بە تەمەنتر دادەمەزرێنن، هەروەها خاوەن کارەکان ئامادەن پارەی زیاتر بدەن بە کرێکارە بەتەمەنەکان یان یارمەتییەکانیان زیاد بکەن وەک ڕێگەدان بە کارکردنییان بە ئۆنلاین.

نزیکەی نیوەی خاوەنکارەکان دەڵێن ناچاربوون دەرچووانی ئەمدواییانەی کۆلێژ دەربکەن، لەسەدا 63 ی خاوەنکارەکان دەڵێن هەندێک لەو دەرچووە نوێیانەی کۆلێژ کە دایانمەزراندوون ناتوانن بڕی ئەو کارانەی کە دەبێت ئەنجامی بدەن، ئەنجامی بدەن. هاوکات لە سەدا 61 ی خاوەنکارەکان دەڵێن زۆرجار لە گەیشتن بۆ سەر کار دوادەکەون، لە سەدا 53 ش دەڵێن گەنجەکان و کرێکارە نوێیەکان زۆر جار دوادەکەون بۆ کۆبوونەوەکان.

کۆنەرس دەڵێت " ئەگەر زیاتر لە ئۆفیسدا بوونایە، ئەوا دەرفەتی زۆر باشتریان دەبوو بۆ بەڕێوەبردنی بڕی کارەکانییان." ئاماژەشی بەوەدا " کە چۆن کارکردن لە ماڵەوە بەشێک لە کاتەکان ڕەنگە ڕێگر بێت لەبەردەم پێشکەوتنی کارمەندە گەنجەکاندا."

گایسکی دەڵێت زیادبوونی کێشەکانی تەندروستی دەروونی لەنێو خوێندکارانی کۆلێژدا بەدی دەکات، پرۆفیسۆرەکانیش لە کۆلێژەکان هەوڵدەدەن مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیەدا بکەن، ئەوەش لەڕێی کەمتر توندبوونییان سەبارەت بە ئامادەبوون لە پۆل و مامەڵەیەکی نەرمتر سەبارەت بەدوا مۆڵەتی کۆتایی هاتنی تەواوکردنی ئەرکەکانییان.

سەرەڕای ئەوەی ئامادەیی پیشەیی نەوەی Z لە ماوەی پەتاکەدا خراپتر بووە، بەڵام کۆنەرس دەڵێت ئەوە بووەتە ڕەوتێک کە چەندین ساڵە دەیبینێت.

کۆنەرس دەڵێت " هەندێک لەم دەرچووە نوێیانە ڕەنگە زۆر لاوێندرابێتنەوە، وەکو دەزانیت زۆرجار جیهان شوێنێکی لێبووردە نیە، پێموایە هەتاوەکو خەڵکەکە خێراتر درک بەوە بکەن، باشتر دەبن لە ژیانی پیشەیی خۆیاندا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن."

کۆنەرس دەڵێت " ئەم نەوەیە ئەوەندەی خەمی خولیاکانییان و خۆدەرخستنییانن ئەوەندە خەمی پارە یاخود یان پێشکەوتنییان لە پیشەکانییاندا نیە. هەمووان وادەردەکەون لەم ساتەدا بژین."

نیوەی ئەو خاوەنکارانەی کە بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە دەڵێن دەرچووانی نوێی کۆلێژ، ئەوانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵییاندا کردووە، داوای قەرەبووی نابەجێیان کردووە. گایسکی پێی وایە لەوانەیە هۆکارەکەی لە ئەنجامی ئەوەبێت کە کەسانی گەنج ئێستا لەچاو نەوەکانی پێشوودا هۆشیارتر بن.

گایسکی دەشڵێت " دەرچوانی نوێی کۆلێژ زۆر شتیان بیستووە سەبارەت بەوەی کە چۆن کۆمپانیاکان مافی کارمەندان دەخۆن، هەروەها سەیری مووچەی ئەم خاوەن ملیاردێرانە دەکەن، وەک دەزانن، ئەوان هەست دەکەن کە دەیانەوێت مامەڵەیەکی دادپەروەرانەیان لەگەڵدا بکرێت."

XS
SM
MD
LG