Accessibility links

مامۆستایانی ناڕازی: نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، گەر شۆڤێنییەکیش دەریبکردایە جوانتر موڕاعاتی هەستی فەرمانبەران و مامۆستایانی ڕادەگرت


دیار جەمال

بڵاوکردنەوەی نوسراێکی دوو خاڵی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین دەستپێبکات، مامۆستایانی زیاتر توڕە کرد و بڕیاریاندا بایکۆت درێژ بکەنەوە و بە خۆپیشاندان وەڵامی نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بدەنەوە.

ڕۆژی یەکشەممە 7ی مانگی یەکی 2023، بەنوسراوی ژمارە (1) وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە واژووی ئالان محەمەد سەعید، وەزیری پەروەردەی لە سەرە، تێدا وەڵامی یاداشتی مامۆستایانی بە دوو خاڵ دایەوە کە ئاراستەیان کراوە و نوسراوە،" پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، ڕەزامەندی هەیە کە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدراڵی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێ بەجێ دەکرێت."

نوسراوە دوو خاڵیەکە بریتیە لە پلە بەرزکردنەوە لە چوارچێوەی یاسا بەر کارەکان و بە گرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم.

دەرکردنی ئەم نوسراوە دوای ئەوە دێت لە ڕۆژی 13ی مانگی نۆیی 2023 ەوە لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک پرۆسەی خوێندن دەستیپێکردووە تەنها لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەر بەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەرین و قەزای کۆیە نەبێت کە دەرگای خوێندنگاکان تێیاندا نەکراوەتەوە.

ئەنجومەنی "مامۆستایانی سەر تا سەری" نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن،" بایکۆت بەردەوامی دەبێت و خۆپیشاندان دەستپێدەکەین."

دڵشاد میرانی یەکێکە لە نوێنەرانی ئەنجومەنی مامۆستایانی سەر تا سەری، لە سنووری سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەو نوسراوەی وەزارەتی پەروەردە لە ڕاستیدا پەیوەستدار نییە بە پەروەردەوە و لە دەسەڵاتی ئەودا نییە ئەو نوسراوە دەربکات و ئەرکی ئەنجومەنی وەزیرانە بڕیار بدات، بۆیە ئێمە بڕوامان وایە ئەو نوسراوە گەر شۆڤێنییەکیش بینوسیایە جوانتر موڕاعاتی هەستی فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستای بەتایبەت ڕادەگرت."

بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی پەروەردە هەر ئەمڕۆ 7ی مانگ بڕیاری کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکانیانداوە لە ڕۆژی 8ی مانگەوە واتا سبەینی، دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمەوە کرد لە بارەی لە ئەگەری پابەند نەبوونی مامۆستایان چ ڕێکارێک دەگرنە بەر بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

ڕۆژی 19ی مانگی 10ی 2023 بە نوسراوی ژمارە 436 ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، نوسراوێکی دوو خاڵی دەرکرد بۆ دەستپێکردنی دەوام و ووشەی " دەبێت" ی بەکارهێنا ئەوەش وایکرد لەو کاتەوە تا ئەمرۆ 7ی مانگی یەکی 2024 بایکۆت درێژ بکرێتەوە.

لە ڕۆژی 22 ی مانگی دوانزەی 2023 ئەنجومەنی مامۆستایانی سەر تا سەری و فەرمانبەرانی ناڕازی یاداشتێکی پێنج خاڵیان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیان کرد لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەوە پرۆسەی خوێندن دەست پێدەکەن و داواکارییەکان بریتیبوون لە پێدانی مووچە لە 30 ڕۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنوسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و سێ مووچەی ساڵی 2023 و دامەزراندنی وانەبێژان و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان.

بەمەبەستی گەشتنە چارەسەر لەگەڵ عێراق، ڕۆژی 8-11-2023 شاندێکی حکومەتی هەرێم، گەشتنە بەغدا و پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە ڕێگای دوو نامەی فەرمیەوە لە بارەی پرسی مووچەی موچە خۆرانی هەرێم و هەموارکردنەوەی یاسایی بودجە گەیەند بە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لەو کاتەوە تا ئێستا چەند جارێک کۆبوونەوە کراوە و هەردوو حکومەت نەگەشتوونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی.

دوێنی 6ی مانگی یەکی 2023، پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند،" شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشتنە بەغدا، بەمەبەستی گەشتنە چارەسەری کۆتایی لە سەر پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەمواری یاسای بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی کوردستان."

دڵشاد میرانی نوێنەری سلێمانی لە ئەنجومەنی مامۆستایانی سەرتاسەری ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" نوسراوە دوو خاڵیەکە ئەو پەڕی مانایی گاڵتەجاڕیە بە مامۆستایان و فەرمانبەران، ئازارەکەی لە 38 مووچەی فەوتاو و 3 مووچەی ساڵی 2023 زیاترە، بۆیە بایکۆت بەردەوامە و بە خۆپیشاندان وەڵامیان دەدەینەوە و ڕێگای دادگای فیدراڵی دەگرینە بەر و مافەکانمان لە دادگاوە وەر دەگرینەوە."

تا ئێستا دادگای فیدراڵی سێجار دانیشتنی کردووە لە سەر سکاڵایی ژمارەیەک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی کوردستان لە بارەی ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەوە و مووچەکانیان و بڕیارە لە ڕۆژی 21ی مانگی یەکی ئەمساڵ دوا بڕیار لەو بارەیەوە بدات و مامۆستایان دەڵێن،" تەنها دادگایە دەتوانێت مافەکانمان وەربگرێتەوە ئەگینا حکومەتی هەرێم بڕیار نادات لە بەرژەوەندیماندا بێت."

بە پێی ئەو ئامارانەی کە دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون زیاتر لە 650 هەزار خوێندکار کە ڕێژەیەکی زۆریان یەکەم ساڵیانە دەبوایە لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی بیانخوێندایە نەیانتوانیوە بخوێنن و مامۆستایان دوا وتەیان لە سەر کردنەوەی دەرگای خوێندنگا کان جێبەجێکردنی داوایەکی پێنج خاڵییە.

XS
SM
MD
LG