Accessibility links

ژنێکی کورد بەهۆی دژایەتی کردنی حیجابی زۆرەملێ، 74 قامچی لێدەدرێت


ڕۆیا حشمەتی، ژنە کوردێکی خەڵکی سنە کە دانیشتووی تارانە، چەند ڕۆژ پێش ئیستا بەهۆی دژایەتیکردنی حیجابی زۆرەملێ، 74 قامچی لە لایەن بەشی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگایەکی تارانەوە لێدەدرێت.

ماڵپەڕی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە هەواڵێکدا لەمباریەوە نووسیوێتی ئەو ژنە کوردە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەیەک کە حیجابی زۆرەملێی تێیدا ڕچاو نەکردووە، بە یەک ساڵ زیندانیکردنی هەڵپەسێردراو و لێدانی 74 قامچی و سێ ساڵ قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات سزا دراوە.

ڕۆیا حشمەتی تەمەن 33 ساڵ لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بەسەرهاتی خۆی سەبارەت بە لێدانی قامچیەکان گێراوەتەوە و نووسیوێتی تەنانەت لە دادگاش ڕەتیکردووەتەوە حیجابی زۆرەملێ لەسەر بکات و ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی جێبەجێکەرانی سزاکەی. دەشڵێت دواتر لەلایەن پیاوێکەوە لەبەردەم دادوەرەکەدا لە ژوورێکدا کە ئەو بە " ژووری ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوەڕاست " وەسفی کردووە، قامچییەکانی لێدراوە.

حشمەتی نووسیویەتی " لەکاتی لێدانەکەدا، قامچییەکانم نەدەژمارد و لە ژێر لێومەوە دەمگووت بە ناوی ژن/ بە ناوی ژیان/ دڕا جل و بەرگی کۆیلایەتی و شەوی تاریک کۆتایی پێدێت."

سەرەڕای چڕبوونەوەی گوشارەکانی حکومەت لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان کە بە هۆی کوژرانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی ئیرشاد دەستیان پێکرد، نافەرمانی ژنان و کچان لە دژی حیجابی زۆرەملێ لە ئێران بەردەوامە و تا دێت زیاتر بەرنگاربوونەوەی ژنان پەرە دەسێنێت.

XS
SM
MD
LG