Accessibility links

تورکیا ڕێگری لە ڕۆشتنی کەشتییەکانی هەڵگرەوەی مین بەرەو ئۆکرانیا دەکات


تورکیا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ڕێگە نادات دوو کەشتی هەڵگرەوەی مین، کە بەریتانیا بە ئۆکرانیای بەخشیوە بە ئاوەکانیدا تێپەڕن بۆ دەریای ڕەش، چونکە ئەوە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی لەسەر تێپەڕبوون بە تەنگەکاندا پێشێلدەکات.

بەریتانیا مانگی ڕابردوو ڕایگەیاند کە دوو کەشتی هێزی دەریایی شاهانە بۆ مین هەڵگرتنەوە دەگوازێتەوە بۆ هێزی دەریایی ئۆکرانیا بۆ یارمەتیدانی بەهێزکردنی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ئۆکرانیا لە شەڕی لەگەڵ ڕووسیادا.

بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند، تورکیای ئەندامی ناتۆ هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە، تا ئەو کاتەی شەڕی ئۆکرانیا بەردەوام بێت، ڕێگە بە کەشتییەکان نادات تەنگەی بۆسفۆر و داردانێلس بەکاربهێنن.

لە بەیاننامەیەکدا کە لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکس بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوپەیمانە پەیوەندیدارەکانمان بەپێی پێویست ئاگادار کراونەتەوە کە تا شەڕەکە بەردەوام بێت، کەشتییە مین هەڵگرەوەکان کە بەریتانیا بەخشیوەتە ئۆکرانیا، ڕێگەیان پێنادرێت بە گەرووی تورکیادا تێپەڕن و بچنە دەریای ڕەش.

کاتێک ڕووسیا لە مانگی دووی 2022 دەستی بە لەسکرکێشی بۆسەر ئۆکرانیا کرد، تورکیا کۆنفرانسی مۆنترۆی ساڵی 1936ی چالاک کرد و بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییە لەشکرییەکانی لایەنە شەڕکەرەکان کرد.

XS
SM
MD
LG