وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا خاڵە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت بۆ ساڵی 2024.
ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت "لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لەوەی شان بە شانی هەموو ئەو وڵاتانە ڕابوەستێت کە ڕوانینی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا سەبارەت بە جیهانێکی ئازاد و کراوە و گەشەکردوو و هەروەهاش سەبارەت بە ئاسایشی جیهان."
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی تری سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکا، وەک بەڕێز بلینکن ئاماژەی پێدەکات بریتییە لە "درێژەدان بە هەوڵەکان بۆ هەبوونی پشتیوانی زیاتری وڵاتانی جیهان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی وڵاتی ئۆکراین و هەروەهاش بۆ دڵنیابوون لەوەی شەڕانگێزییەکانی ڕوسیا وەک ستراتیژیەتێکی شکستخواردو دەمێنێتەوە."
ئەرکێکی تری سەرەکی لە سیاسەتی دەرەوەیی ئەمەریکادا، دۆسێی وڵاتی چینە و بەردەوامبوونە لەگەڵ وڵاتی چیندا لە پێگەیەکی بەهێزەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باس لە قوڵبوونەوەی هاوکارییەکانیش دەکات لە نێوان هاوپەیمانێتی ناتۆ و وڵاتانی هاوپەیمان لە ناوچەی هیندۆ پاسفیکدا وەک دەڵێت "ئەم هەوڵانە دەرفەتی بۆ ئەمەریکا ڕەخساندووە و دەشڕەخسێنێت تا چالاکانە بەشداریی هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی جێی نیگەرانییەکی قوڵن، وەک سیاسەتی زەوتکردنی بازرگانی لەلایەن چینەوە و ئاشتی و سەقامگیریی لە تەنگەی تایوان و دەریای چین و مافەکانی مرۆڤیش."
ئەنتۆنی بلینکن لە درێژەی لێدوانەکەیدا وابەستەیی ئەمەریکاش ڕادەگەیەنێت بۆ کارکردن لەگەڵ لایەنی تردا لە پێناو بەرژەوەندی گەلی ئەمەریکا و گەلانی سەرانسەری جیهانیش.
بەڕیز بلینکن دەڵێت "لە ساڵی 2023دا هەر ئاوەهامان کردووە، هاوپەیمانێتی حکومەتەکان و کۆمپانیاکان و کۆمەڵگەی سیڤیل و دامەزراوە هەرێمایەتییەکان و دامەزراوە فرە لایەنەکانمان هەبووە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاسایشی خۆراک، بۆ گەشەکردنی سیستەمێکی بڕواپێکراوی زیرەکیی دەستکرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی دروستکراوی بەنگ و موخەدەرات، بۆ ڕاگرتنی بەڵای ئەو حکومەتانەی سەرکوتکەرانە هاووڵاتیانی بیانی دەستگیردەکەن لە پێناو باڵادەستی خۆیاندا، هەروەهاش بۆ دابین کردنی سەدان ملیار دۆلار بۆ پێکهێنان یان ڕەخساندنی ژێرخانی ئابوری و وزەی خاوێن و خزمەتگوزاریی تەندروستی لە تەواوی وڵاتانی تازە گەشەکردوودا."
ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ئەمەریکا سەنگیی دەخاتە سەر یارمەتیدانی ئیسرائیل تا ئەوەی لە ڕۆژی حەوتی مانگی دەی ڕابردوودا ڕوویدا جارێکی تر دووبارە نەبێتەوە و دەشڵێت ئەمەریکا کار دەکات بۆ تۆکمە کردنی تۆڕی هاوپەیمانێتی و هاوبەشییەکانی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ساڵی دوو هەزار و بیست و چوار.