Accessibility links

لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 42 هەزار کەس لە ئەمەریکا بەهۆی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە چەک گیانیان لەدەستداوە


بە پێی زانیارییەکانی ئەرشیڤی توندوتیژی چەک لە ئەمەریکا، لە ساڵی 2023دا 42 هەزار و 731 بە توندوتیژییەکانی پەیوەست بە چەک گیانیان لەدەستداوە.

لەم ژماریەدا 18 هەزار و 707 کەس بە مەبەست و بێمەبەست کوژراون و 24 هەزار و 24 کەسیش خۆیان کوشتووە.

مردن بەهۆی خۆکوشتنەوە زۆرینەی مردنەکانی ساڵەکە بووە بە چەک. بە شێوەیەکی گشتی لە ڕۆژێکدا نزیکەی 66 کەس بەهۆی خۆکوشتنەوە گیانیان لەدەستداوە.

زۆرینەی ئەم مردنانە لە ویلایەتەکانی تەکساس، کالیفۆرنیا، فلۆریدا، جۆرجیا، کارۆلینای باکوور، ئیلینۆیس و لویزیانا ڕوویانداوە.

جگە لە کوژراوەکان بە گوێرەی ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە سەربەخۆیە، زیاتر لە 36 هەزار و 61 کەس بەهۆی توندوتیژی چەکەوە لە ماوەی ساڵی 2023 لە سەرانسەری ئەمەریکا بریندار بوون.

بە پێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو ڕێکخراوە 293 منداڵی 11 ساڵ بە خوارەوە کوژراون و 636 منداڵیش بریندار بوون. هەزار و 370 نەوجەوانی 12 بۆ 17 ساڵان کوژراون و 3،852 یش بریندار بوون.

بە درێژایی ساڵەکە 650 دەستڕێژی هەڕەمەکی لە سەرانسەری ئەمەریکادا ئەنجام دراون و لە 40 ڕووداویشدا خەڵکی بە کۆمەڵ کوژراون. لەم ڕووداوانەدا نزیکەی 600 کەس کوژراون و نزیکەی 2 هەزار و 400 کەسیش بریندار بوون.

هێرشێکی هەڕەمەکی لە 25 ی مانگی 10، لە شاری لویستن لە ویلایەتی مەین کوشندەترین هێرشی هەڕەمەکی چەک بوو لە ساڵی 2023دا.

لەو ڕۆژەدا هێرشبەرێکی تەمەن 40 ساڵان بە ناوی ڕۆبەرت کارد لە دوو هێرشی جیا لە نێو یانەیەکی بۆڵینگ و پاشانیش لە چێشتخانەیەک 18 کەسی کوشت و 13 کەسیش بریندار بوون.

هێرشبەرەکە لەو کاتەدا لە شوێنی ڕووداوەکان ڕایکرد بەڵام دوو ڕۆژ پاشتر و لە 27ی مانگی دە بە مردوویەتی لە نێو بارهەڵگرێکدا دۆزرایەوە کە بە پێی کاربەدەستان بەهۆی برینداربوونی بە گولەی خۆی مردبوو.

بە پێی ئامارەکانی ئەرشیڤی توندوتیژی چەک، لە ساڵی 2014 وە هەتا ئێستا ساڵانە زیاتر لە 39 هەزار کەس بەهۆی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە چەک کوژراون، زۆرترینیشیان لە ساڵەکانی 2016، 2017 و 2018 بوو کە زیاتر بوو لە 50 هەزار کەس. لە ساڵی 2022دا بەهۆی توندوتیژی چەک 44 هەزار و 310 کەس لە ئەمەریکا کوژرابوون.

بابەتی کۆنترۆڵکردنی چەک یەكێکە لە بابەتە هەرە مشتومڕلەسەرەکان لە ئەمەریکا، لە کاتێکدا هەندێک پێیان وایە پێویستە یاساکان بۆ خاوەندارێتی چەک توندبکرێت تا هەموو کەس نەتوانێت دەستی ڕابگات بە چەک، بەڵام هەندێکی پێیان وایە ئەمە مافێکی هاووڵاتیانە و لە دەستووردا ڕێگەی پێدراوە کە بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی چەکیان هەبێت. ئەڵبەت یاسای کڕینی چەکیش بە پێی ویلایەتەکان جیاوازی هەیە.

لە ساڵی ڕابردوو کۆنگرێس یاسای چاکسازی هەڵگرتی چەکی پەسەند کرد و لە مانگی شەشدا لەلایەن سەرۆک جۆو بایدن واژۆ کرا. ئەمەش یەکەم پڕۆژە یاسای چاکسازی هەڵگرتنی چەک بوو لەلایەن کۆنگرێسەوە لە ماوەی دەیان ساڵدا پەسەند بکرێت.

XS
SM
MD
LG