Accessibility links

ئەبو تەحسین: سەدام یەک نەعلی لێدرا، بەڵام پێویستمان بە هەزار نەعلی ترە بۆ لێدانی سەدامەکانی ئێستا


جەواد کازم ناسراو بە ئەبو تەحسین
جەواد کازم ناسراو بە ئەبو تەحسین

ئەو پیاوە ڕیش و قژ سپیەی کە لە ساڵی 2003 بە تاکێک لە نەعلەکانی لە نێو شەقامێکی بەغداد لە وێنەیەکی سەدامی حوسێن سەرۆکی پێشووی عێراقی دەدا و هاواری دەکرد "ئەمە چارەنووسی هەموو خائینێکە، ئەمە ملیۆنەهای لە ئێمە کوشت و دەیگوت ئەی خەڵکینە ئەمەیە ئازادی، دوای 17 ساڵ لە لەسێدارەدانی سەدام دەڵێت،" گەر سەدام یەک نەعلی لێدرا، ئیستا پێویستمان بەهەزار نەعلە بۆ سەدامەکانی ئێستا."

بەرەبەیانی ڕۆژی 30ی 12ی 2006 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژنی قورباندا، پرۆسەی لە سێدارەدانی سەدام حوسێن سەرۆکی پێشووی عێراق لە بەغدای پایتەخت لە بینای ئەمنی پێشوو لە کازمیە بەڕێوەچوو.

لە سێدارەدانی سەدام دوای ئەوەهات کە لە پرۆسەی ئازادکردنی عێراقدا و لە 14ی 12ی 2003 دا لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەستگیرکرا و پاش بەڕێوەچوونی چەندین دانیشتنی دادگا دا لە ڕۆژی 5 ی11 ی 2006 دادگای باڵای تاوانەکان لە عێراق بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ سەدام حوسێن و بارزانی تکریتی و عەواد بەندەری دەرکرد.

جەواد کازم ناسراو بە ئەبو تەحسین کە بە نەعلەکانی دەستی زەنگی ڕووخانی ڕژێمی بەعسی لێدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" سەدام نەما، بەڵام چەندین گروپای میلیشیای لە عێراق دروستبوون، دۆخەکە هێندە ئاڵۆز بووە ئەو سەری دیار نیە، پێشووتر یەک سەدام هەبوو ئێستا هەزاران سەدام هەیە، گەر سەدام یەک نەعلی لێدرا، ئێستا پێویستمان بە هەزار نەعلە بۆ ئەمانە بۆ ئەم خائینانە."

چاودێرێکی سیاسی هەمان بیروبۆچوونی ئەبو ئەحسینی هەیە و ڕایگەیاند،" گەشبین نیم بە ئایندەی عێراق، چونکە بەردەوام سەدامەکان لە عێراق لە دایک دەبن و دەستیان لە کوشتن و بریندارکردن دەبێت."

حەسەن بارام چاودێری سیاسی کە لە سلێمانی نیشتەجێیە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دوای ئەوەی بەهەوڵ و هیمەتی ئۆپۆزسیۆن و ئەمەریکا ڕژێمی بە عس لە کارخرا، دواجار بە چەند تاوانێک لە سێدارە درا ئەمە کۆتای پێهات و لاپەڕەیەکبوو لە مێژووی خوێناوی عێراق، بەڵام دوو ڕاستی هەیە دەبێت بیزانین، سەدام حەلەقەیەک بوو لە حەلقەکانی دیکتاتۆریەت و کوشتن و بڕین لە مێژووی 5 هەزار ساڵەی عێراقدا." وتیشی،"هەمیشە عێراق بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی دیکتاتۆریەت و عەسکەر تاریەت و خۆسەپێن، بە نموونە لە دوایی سەدام حوسێن گەر بوار بڕەخسێت بۆ سیاسیەکانی ئێستا لاسایی سەدام دەکەنەوە چ لە پەلاماردان بێت یاخود هەڵسوکەوتەکانی تا دەگاتە سڕینەوەی ئەوی تر، کەواتا مێژووی خوێناوی پەیوەست نیە بە سەدامەوە."

ئەبو تەحسین لە 9ی 4ی 2003 دوایی ئەوەی هێشتا سەدام و دارودەستەی تەراتێنیان بوو لەسەر شەقامێکی بەغدا بە تاکە نەعەلەکەی وێنەی سەدامی پێدەکووتا، هەر ئەوکاتە و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس بوو بە مانشێتی هەواڵی میدیا جیهانیەکان و دەوڵەتی کویت بڕی 250,000 هەزار دۆلاری دایە ئەبو تەحسین لە بەرامبەر پێدانی تاکە نەعلەکەی ، بەڵام وتی من ویژدانم هەیە و نایفرۆشم و تاکە نەعلەکەی پێشکەش بە مۆزەخانەی هەڵەبجە کرد.

لە دوایی ئەوەش لە لایەن لایەنگرانی ڕژێمی بەعسەوە، ماڵەکەی ئەبو تەحسین سوتێنرا و بەهۆی هەڕەشەکانی سەر ژیانی ناچار ڕوویکردە هەرێمی کوردستان.

ئەبو تەحسین پەشیمان نیە لەوەی بە نەعلەکەیی پێی لە وێنەیەکی سەدامی داوە، هۆکاری نەگەڕانەوەشی بۆ شوێنی لەدایکبوونی کە بەغدایە بۆ دەنگی ئەمەریکای ڕوونکردەوە و تی،" ئامادە نیم بەم شێوەیە بگەڕێمەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونم، چونکە ڕەوش تێدا باش نیە و میلیشیاتی تێدا زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا بەعس هیشتا بوونی هەیە، بۆیە ناتوانم بگەڕێمەوە بۆ شوێنێک کە ژیانم تێدا پارێزراو نەبێت."

دوای دوانزە ساڵ، ڕۆژنامەی تایمی ئەمەریکایی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ موەفەق ڕوبەیعیدا ئەنجامدا،کە یەکێکبووە لەو کەسانەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی جەژنیی قورباندا ئامادەی لە سێدارەدانی سەدام حوسێنی سەرۆکی پێشووی عێراقدا بووە، ڕوبەیعی وەک خۆی باسی دەکات مەنەسەی ژێر قاچی سەدامی ڕاکێشاوە، ئەو کاتەی پەتەکەی لە ملدا بووە و ئامادەی لە سێدارەدانی بووە، هەر بۆیە دوای لە سێدارەدانی پەتەکەی لای خۆی وەک یادگاریییەکی مێژووی پاراستووە.

ڕوبەیعی لە ساڵی 1971 ەوە پزیشکە و وەک خۆیی وتوویەتی، لە ساڵانی ڕابردوو ئامادەی بینینی مردنی زۆر کەس بووە، یەکێک لەوانە بینینی مردنی کەسێک بووە ئەویش سەدام حوسێن بووە.

ئەو پزیشکە لە درێژەی قسەکانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە بەدرێژای تەمەنی سێجار لەسەر دەستی سەدام و دار و دەستەکەی ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و زیندانیکردن بووەتەوە.

حەسەن بارام چاودێری سیاسی ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" ئێمەی چاودێرانی سیاسی لەم دۆخە بێ ئومێد بووینە، چونکە دۆخەکە وامان پێدەڵێت هەموو کات و ساتێک گەری گۆڕانکاری هەیە، واتا دۆخێکی جێگر بەدرێژای مێژوو لە عێراقدا بوونی نەبووە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:47 0:00
XS
SM
MD
LG