Accessibility links

یاری کۆتایی جامی سوپەری تورکیا لە سعودیە بە هۆی وێنەی ئاتاتورکەوە هەڵدەوەشێتەوە


یاری کۆتایی جامی سوپەری تۆپی پێی یانەکانی تورکیا لە نێوان گەلاتەسەرای و فەنەرباخچەی ئەستەنبوڵ کە بڕیار بوو ئێوارەی هەینی بە میوانداریی پایتەختی سعودیە بەڕێوە بچێت، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵوەشایەوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکان، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیە لە نێوان دوو تیپی تۆپی پێی یانە بەهێزەکانی تورکیا، ڕێگریی دەسەڵاتدارانی سعودیە بووە لە لەبەرکردنی جلی یاریزانەکان کە وێنەی مستەفا کەمال ئاتاتورکی لەسەر بووە و ئەندامانی ئەم دوو تیمە لە وەڵامی ئەم بڕیارەی سعودیە ئامادە نەبوون بەشداری یاریەکە بکەن.

بەپێی زانیارییەکان، یانەی فەنەرباخچە هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە یاریزانەکانی لافیتەیەک لە یاریگادا بەرزبەکەنەوە کە لەسەری نووسراوە "ئاشتی لە ماڵەوە، ئاشتی لە جیهان" کە دروشمێکی مستەفا کەمال ئاتاتورک بووە لە سەردەمی خۆیدا.

لە ڕاگەیەندراوی هاوبەشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا و یانەکانی گەلاتەسەرای و فەنەرباخچەدا، دروستکردنی "پشێوی لە ڕێکخستن" وەک هۆکاری ڕەسمی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکەی جامی سوپەر ئاماژەی پێکراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە جامی سوپەری تورکیا "بەهۆی بڕیاری هاوبەشی هەردوو یانەکەوە بۆ وادەیەکی دیکە دوادەخرێت".

تەلەفزیۆنی دەوڵەتی سعودیە بە پشتبەستن بە بەیاننامەیەکی ڕێکخەرانی وەرزی ڕیاز ڕایگەیاندووە هەڵوەشاندنەوەی یاری کۆتایی لە ئەنجامی پابەندنەبوونی تیپەکان بووە بە ڕێساکانی یارییەکان.

پێشتر هاندەرانی تیپەکانی فەنەرباخچە و گەلاتەسەرای بە ئاماژەدان بە یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی کۆماری مۆدێرن لە تورکیا، ناڕەزایەتیان دەربڕیبوو بەرامبەر بە بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە بۆ میوانداریکردنی یاری کۆتایی جامی سوپەر لە ڕیاز و داوایان کردبوو ئەو یارییە لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
میدیاکانی تورکیا ڕۆژی شەممە بڵاویان کردوەتەوە یاریزانەکانی ئەو دوو یانەیە لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ئەستەنبوڵ پێشوازییەکی گەرمیان لێکراوە.

لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکاندا سەدان هاندەری گەلاتەسەرای و فەنەرباخچە بە دەنگی بەرز چەپڵە لێدەدەن و ئاڵای تورکیا و وێنەی مستەفا کەمال ئاتاتورکیان بەرز کردوەتەوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە لەم دواییانەدا پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سعودیە بەرەوە باشتر بوون دەڕویشت.

تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی هەشتدا سەردانی سعودیەی کردبوو، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکان کە دوای کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی 2018دا پچڕان.

سەرچاوەکان/گاردیان/ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG