Accessibility links

ئێران ڕەخنەی ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەورووپایی سەبارەت بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕەتدەکاتەوە


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی هەینی 29ی مانگی دوازدە ڕەخنەی ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیای سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران بە ڕێژەی 60% ڕەتکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەرنامە ناوکییەکانی تاران "ئاشتیانە" یە.

ناسر کەنعانی لە بەیاننامەیەکەدا ڕایگەیاند، "پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی 60% لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران هەمیشە بەگوێرەی پێداویستییە ئاشتیخوازەکانی وڵات بووە و بە تەواویش لە ژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدا بووە و بەردەوامیش دەبێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو چوار وڵاتە ئاماژەپێکراوەی بە "کشانەوە" لە دانوستانەکان و "وروژاندنی بابەتی ناپەیوەندیدار" تۆمەتبار کرد و وتی "ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەوروپایی "لە دۆخێکدا نین کە پڕوپاگەندە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بکەن".

دانوستانەکانی نێوان تاران و وڵاتە زلهێزەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ساڵی 2015 لە دوای ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان و ئازادی" و پێشێلکارییە مرۆییەکانی ئێران و داواکارییە زۆرەکانی ئەو وڵاتە وەستاوە.

ئەمەریکا و سێ وڵاتی ئەورووپایی کە ئەندامی رێککەوتنی ناوەکین لەگەڵ ئێران، ڕۆژی پێنج شەممە، 28ی ئەم مانگە بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا خێراترکردنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانیان بە ڕێژەی 60% شەرمەزار کرد و پاساوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ ئەو کارە ڕەتکردەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی سێشەممە 26ی مانگی دوازدە ڕایگەیاند "کۆماری ئیسلامی ئێران جارێکی دیکە خێرایی و ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بە ڕێژەی 60٪ زیاد کردووە".

بەگوێرەی ئاژانسەکە بڕی پیتاندنی 60%ی ئێران کە پێشتر بۆ 3 کیلۆ لە مانگێکدا کەمکرابووە، جارێکی دیکە زیادی کردووە و لە کۆتایی مانگی یازدەی ئەمساڵدا، بڕی هێکزافلۆرایدی یۆرانیۆمی 60%ی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ و نەتەنز بۆ نزیکەی 9 کیلۆ لە مانگێکدا زیادکردووە.

بەگوێرەی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی وەک ڕێکخراوی چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو مەرجانەی پێشێل کردووە کە لە ڕێککەوتننامە ناوکییەکەی ساڵی 2015 بۆی دیاری کراوە و دەڵێن پیتاندنی 60% "نزیکە لەو ئاستەی کە بۆ بەرهەمهێنانی چەک پێویستە" و ئەمەش بۆ وڵاتێک کە بانگەشەی ئەوە دەکات هیچ بەرنامەیەکی چەکی ئەتۆمی نییە، پاساوهەڵگر نییە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ساڵانێکە سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دەدات و ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاش بە هۆی پێشخستنی بەرنامەی گوماناویی پیتاندنی یۆرانیۆم و چەکە سەربازییەکانەوە، سزایان بەسەر حکومەت و بەرپرسانی حکومەتی ئێراندا سەپاندووە. تاران دەڵێت تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتیانە بەرنامەی ئەتۆمی پەیڕەو دەکات، بانگەشەیەک کە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و زلهێزە جیهانییەکان گومانیان لێی هەیە

سەرچاوەکان/ڕۆیتەرز/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG