Accessibility links

پەرلەمانی تورکیا و دەنگدان لەسەر ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا


وێنەی پەرلەمانی تورکیا- ئەرشیف
وێنەی پەرلەمانی تورکیا- ئەرشیف

پێناچێت پەرلەمانی تورکیا تا ناوەڕاستی مانگی یەکی داهاتوو دەنگ بدات لەسەر ئەندامێتی وڵاتی سوید لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

پێشتر کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی پەرلەمانی تورکیا، ئەو داوای ئەندامێتییەی وڵاتی سویدی پەسەند کردووە؛ ئەم پەسەندکردنەش وەها لێکدراوەتەوە کە کرانەوەیەکە بۆ ئەو گرێیانەی لە 19 مانگی ڕابردوودا هەبوون.

هەڵوێستەکانی تورکیا لەسەر ئەندامێتی وڵاتی سوید لە ناتۆدا بووبوونە مایەی ناڕەزایی و توڕەیی هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی تورکیا.

پێویستە ئەم بەرنوسە بخرێتە دەنگدانی گشتییەوە لە پەرلەمانە 600 کورسییەکەی تورکیادا.

پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا (ئاکەپە) و هاوپەیمانەکانی خاوەنی زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەن؛ ئەگەر لە پەرلەمان ئەو داوایەی وڵاتی سوید پەسەند کرا، ئەوا دەخرێتە بەردەم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا تا مۆری بکات و ببێتە یاسا.

هەرچەندە دەشێت ئاکەپە داوای دانیشتنێکی تایبەتی پەرلەمان بکات بۆ وتووێژکردن لەسەر ڕێوشوێنەکانی ئەندامێتی وڵاتی سوید، بەڵام پێشدەچێت چاوەڕوان بکات تا ڕۆژی 15ی مانگی یەک و دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمان.

دوابەدوای هێرشەکەی مانگی 2ی ساڵی 2022ی ڕووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، هەردوو وڵاتی سوید و فینلاند داوایان خستە بەردەم هاوپەیمانێتی ناتۆ تا ببنە ئەندام لەو هاوپەیمانێتییەدا.

دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ، تورکیا و هەنگاریا، دژی داوای ئەندامێتی سوید و فینلاند بوون.
تورکیا ئەندامێتی فینلاندی پەسەند کرد، بەڵام بەردەوام وڵاتی سویدی گوناهبار دەکرد بەوەی نەیتوانیوە جموجۆڵی ئەو لایەنە کوردییانە لە وڵاتەکەدا کۆتوبەند بکات کە ئانکەرە بە تێرۆریست ناودێریان دەکات.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG